ئێران لێكتێگه‌یشتنێكی نوێی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ عێراق واژۆ ده‌كات
سه‌ڕه‌رای سه‌پاندنی سزای نوێ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌میر عه‌لی حاجی زاده، فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانی سوپای ئێران و هاوتا عێراقییه‌كه‌ی جه‌بار عوبێد كازم ده‌راجی، لێكتێگه‌یشتنێكی نوێیان له بواری سه‌ربازی و هێزی ئاسمانی و به‌رگری واژۆ كرد.
ته‌له‌ڤزیۆنی فه‌رمی ئێرانی، ئه‌مڕۆ هه‌ینی، 3ی ئایار/ مایۆی 2019 بڵاویكرده‌وه، فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانی سوپای ئێران، له‌گه‌ڵ هاوتا عێراقییه‌كه‌ی، لێكتێگه‌یشتنی نوێی سه‌ربازی و هه‌ماهه‌نگی و به‌هێزتركردنی توانا به‌رگرییه‌كان له نێوان هه‌ردوو وڵات واژۆ ده‌كه‌ن.
ئاژانسی هه‌واڵی سپوتنیكی رووسی بڵاویكردووه‌ته‌وه، ئه‌میر عه‌لی حاجی زاده بۆ ته‌له‌ڤزیۆنی فه‌رمی وڵاته‌كه‌ی گوتی: "ئه‌گه‌ر ئێمه و گه‌لی عێراق هاوشانی یه‌كبین، هێزه‌كانمان ده هێنده زیاد ده‌كات".
ئه‌و فه‌رمانده سه‌ربازییه‌ی ئێران راشیگه‌یاندووه، فراوانكردنی هه‌ماهه‌نگی سه‌ربازی نێوان هه‌ردوو وڵات، به‌تایبه‌تیش له بواری گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموونی ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كان، ناوچه‌كه به‌ره‌و سه‌قامگیری زیاتر ده‌بات.
واژۆكردنی لێكتێگه‌یشتنی هه‌ردوو وڵات، له‌كاتێكدایه ئه‌مه‌ریكا سزای نوێی به‌سه‌ر ئێران‌دا سه‌پاندووه و له هه‌وڵدایه هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئێران بگه‌یه‌نێته سفر.
ئ. م