رۆحانی: دوو وڵات پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و ئێرانیان تێکدا
"کاریگەریان لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا هەبووە"
K24 – ههولێر:
حەسەن روحانی، سەرۆك كۆماری ئێران دەڵێت، سعودییە و ئیسرائیل لەرێگەی پشتیوانی دارایی كاریگەریان لەسەر ھەڵبژاردنەكانی سەرۆككۆماری ئەمەریكا ھەبووە.
لە لێدوانێکی بۆ تەلەڤزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی، حەسەن رۆحانی سەرۆككۆماری ئێران لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران گووتی: "ھەر كە رێكکەوتنەكە كرا، ھەندێك وڵات بەتایبەت سعودییە و ئیسرائیل گوشاریان بۆ ئەمەریكا ھێنا".
راشیگەیاند: "وتیان خراپترین رێكکەوتن لەگەڵ ئێران كراوە، چالاكییە موشەكییەكانی ئێرانی تێدا نیە، دوای ماوەیەك ئێران دەتوانێ دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم بكات و رێكکەوتنەكە باسی چالاكییەكانی ئێرانی لە ناوچەکەدا تێدانیە".
رۆحانی ئاشکرایکرد: "لەسەر ئەو بنەمایە ھاتوھاوارێك سازكرا، لە ئەمەریكاش ئەوانەی ئێستا دەسەڵاتیان هەیە رایانگەیاند كە ئەگەر ببنە سەرۆككۆمار رێکكەوتنەكە ھەڵدەوەشێننەوە".
سەرۆکی ئێران پێی وایە نەیارانی ئێران بوونەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی نێوان ئەمەریکا و ئێران، بەڵام سوورە لەسەر ئەوەی سیاسەتی وڵاتەکەی دوای چوونە دەرەوەی ئەمەریکا لە رێککەوتنەکە بە نەگۆڕی بهێڵێتەوە.
H.J