دواین زانیاری لەبارەی واژۆکردنی رێککەوتنەکەی نێوان پارتی و یەکێتی
پارتی سەردانی گۆڕانیش دەکات
K24 – ههولێر:
بڕیارە سبەی یەکشەممە 05/05/2019، شاندێکی پارتی بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی پێکهێنانی حکوومەت سەردانی سلێمانی بکات.
میدیای فەرمی یەکێتی لە زاری لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەکێتی بڵاویکردووەتەوە: "سبەی پارتی و یەکێتی رێککەوتنێک لەبارەی پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ دەکەن".
بەگوێرەی میدیاکانی گۆڕان، سبەی شاندی پارتی کاتژمێر 11:30 خولەکی بەیانی سەردانی بزووتنەوەکە دەکات و پرسی پێکهێنانی حکوومەت تاوتوێ دەکەن.
بەیانی ئەمڕۆش، مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە K24ی راگەیاندبوو، سبەی شاندی پارتی بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێک لەگەڵ یەکێتی دەگاتە سلێمانی و دواتریش لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆدەبێتەوە.
رەنگە سبەی یەکەم هەنگاوی کرداریی بۆ پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بنرێت و دواجار لایەنەکان پرس و پۆستە جێ ناکۆکەکان یەکلا بکەنەوە.
H.J