جارێکی دیکە جەنگ بەرۆکی ئیدلب دەگرێت
بۆردومان و هەڕەشەکان دەستیان پێکردووە
K24 – ههولێر:
پەیوەندی رووسیا و تورکیا لەسەر ئیدلب بەرەو خراپی دەچێت و جارێکی دیکە ئەگەری روودانی جەنگ دێتە ئاراوە.
هێزەکانی حکوومەتی سووریا و سوپای رووسیا چەند جارێک هێرشی ئاسمانیان کردووەتە سەر باکووری رۆژئاوای سووریا و میلیشیاکان، بنکەکانی تورکیاش بەرکەوتوون.
جارێکی دیکە ئیدلب دەبێتە ناوچەی جێناکۆکی نێوان رووسیا و تورکیا بەوەی حکوومەتی سووریا دەیەوێت دواین پێگەی چەکدارە یاخییەکانی سووریا کۆنتڕۆڵ بکات و ئەنقەرە رێگری لێ دەکات.
لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوو، بۆردومان و شەڕ لەوناوچانە دەستیپێکردووەتەوە و بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگری تورکیا، لە بۆردومانەکان، دوو سەربازی تورکیاش برینداربوون.
لەبارەی زیانەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکیدا نووسیویەتی، دەیان خەڵکی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و بەرمیلە پڕ تەقەمەنییەکانی رژێم، نەخۆشخانە و قوتابخانەکان دەکەنە ئامانج.
بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا سوورە لەسەر ئەوەی تەواوی خاکی سووریا کۆنتڕۆڵبکاتەوە و بۆ ئەوەش پشت بە رووسیا و ئێران دەبەستێت، بەڵام تورکیا رێگرە.
سێ ملیۆن کەس لە ئیدلب و دەوروبەری دەژین، ئەو ناوچەیەش بووەتە ماڵی گروپە تیرۆرستی و جیهادییەکان، پێشتریش ئەنقەرە و مۆسکۆ رێککەوتن کە بە دانووستان و بەبێ جەنگ کێشەکانی ئیدلب چارەسەربکەن، بەڵام رەنگە ئەو رێککەوتنە کۆن بووبێت و سووریا و رووسیا هێرشی سەر ئیدلب دەستپێبکەن.
Reuters
H.J