گۆڕان: بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ هیچ گرفتێك لای ئێمه نه‌ماوه
كۆبوونه‌وه‌ی سێ قۆڵی به پێویست ده‌زانێت

K24 - سلێمانی:
خه‌لیل سه‌ركانی، ئه‌نجامی جڤاتی گشتی گۆڕان رایگه‌یاند، وه‌كو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هیچ گرفتێك لای ئه‌وان نه‌ماوه و له‌گه‌ڵ پارتی رێككه‌وتوون.
خه‌لیل سه‌ركانی به په‌یامنێری كوردستان 24ی رایگه‌یاند، له دوای كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی، بڕیاری كۆتاییان داوه و هیچ به‌ربه‌ستێكیش له‌به‌رده‌م رێككه‌وتنی ئه‌وان و پارتی دیموكراتی كوردستان نه‌ماوه بۆ پێكهێنانه‌ی كابینه‌ی نوێ.
پارتی و گۆڕان له 18ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2019، رێككه‌وتنێكیان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م واژۆكردووه و له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و رێككه‌وتنه‌ش گۆڕان به‌شداری له كابینه‌ی داهاتوودا ده‌كات.
بڕیاریشه ئه‌مڕۆ شاندێكی پارتی له سلێمانی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كۆببێته‌وه و له‌و باره‌یه‌وه خه‌لیل سه‌ركانی رایگه‌یاند، پێده‌چێت ئه‌وه دواكۆبوونه‌وه‌ی نێوان پارتی و گۆڕان بێت، دوای ئه‌وه ته‌نها دیاریكردنی كاندیدهكانییان بۆ پۆسته‌كانی كابینه‌ی داهاتوو ده‌مێنێته‌وه، ئه‌ویش له رێگه‌ی لێژنه‌ی تایبه‌ته‌وه یه‌كلاده‌كرێنه‌وه.
دووپاتیشی كرده‌وه، وه‌كو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پێیان باش بوو زۆر زووتر كابینه‌ی نۆیه‌م پێكهێنرابا، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كێشانه‌ی ئێستای كوردستان زووتر چاره‌سه‌ر بكرێن.
له باره‌ی هۆكار و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ، رایگه‌یاند، لایه‌نی دیكه هه‌یه گرفت درووست ده‌كات و پێشبینی ده‌كات ئه‌مڕۆش گرفتی دیكه درووست بكرێت.
خه‌لیل سه‌ركانی به پێویستی ده‌زانێت كۆبوونه‌وه‌ی سێ قۆڵی له نێوان لایه‌نه‌كان ئه‌نجام بدرێت كه به‌شداری له كابینه‌ی نۆیه‌م ده‌كه‌ن و رایگه‌یاند، پێویسته گیانی قه‌بوڵكردن هه‌بێت، ئه‌گه‌رنا كابینه‌كه سه‌ركه‌وتوو نابێت.
ئه‌مڕۆ شاندێكی پارتی ده‌چێته سلێمانی و له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتیش كۆده‌بێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ره‌شنووسی كۆتایی رێككه‌وتنی كابینه‌ی نوێ رێكبكه‌ون.
ئ. م