وەزارەتی پەروەردە قوتابیانی پۆلی 12 ئاگادار دەكاتەوە
زانیاری نوێ لەبارەی تاقیكردنەوەكان ئاشكرا دەكرێت
K24 - ھەولێر
لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی دەست كوردستان24 كەوتووە، وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان چەند زانیارییەك لەبارەی تاقیكردنەوەكان بە قوتابیانی پۆلی 12ی ئامادەیی دەدات.
وەزارەتی پەروەردە رایدەگەیەنێت: "قوتابی پۆلی 12ی ئامادەیی بە 3 وانەی كەوتوو دەتوانێت بەشداری لە تاقیكردنەوەكانی وزاری بكا، ئەگەر لە 4 وانە یان زیاتر كەوتبێت، بە كەوتوو ھەژمار دەكرێت و دەمێنێتەوە بۆ ساڵی ئایندە".
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی پەروەردە ھاتووە: "ھەر قوتابییەك یەك بابەت یان دوو ساڵ لەسەر یەك لە تاقیكردنەوەی وزاری دەرنەچێت، پێویستە مامەڵەی یەك بابەتی و دوو بابەتی لە پەروەردەكەی خۆی كردبێت، ئەگەرنا ناتوانێت بەشداری تاقیكردنەوەی وزاری بكات و بۆ ساڵی ئایندە دەبێ لە سەرجەم وانەكان تاقیكردنەوە بكاتەوە".
وەزارەتی پەروەردە راشیدەگەیەنێت: "ئەگەر ھەر قوتابییەك دووساڵ لەسەریەك لە تاقیكردنەوەی وزاری دەرنەچێت، بۆ ساڵی سێیەم سەرپشك دەبێت لەوەی: بچێتە قوتابخانەی ئێواران یان بەشێوەی دەرەكی تاقیكردنەوەی وزاری ئەنجام بدات".
ھ.م