جەهەپە: دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن لە ئیستانبۆڵ كودەتایە بەسەر ئیرادەی گەل

هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستانبوڵ دووبارە دەكرێتەوە

K24 - ھەولێر

پارتیی گەلی کۆماریی تورکیا (جەهەپە)، بڕیاری کۆمسیۆن بۆ دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستانبۆڵ بە کودەتا بەسەر ئیرادەی گەل ناو دەبات.

فایەق ئۆزتراک، گوتەبێژی جەهەپە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، بەرپرسانی پارتەکەیان لەگەڵ ئەندامانیان لە پەرلەمانی تورکیا کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەبارەی بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، بۆ دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستانبوڵ دەکەن.

گوتەبێژی جەهەپە بڕیاری کۆمسیۆنی بە کودەتا بەسەر ئیرادەی گەل دانا و دووپاتیشی کردەوە، کە بێدەنگ نابن.

دوێنێ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستانبوڵی لە 23ی حوزەیران دەرکرد، کە ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، کاندیدی جەهەپە لەو شارە سەرکەوتنی بەدەست هێناوە.

ھ.م