تیژڕۆیی گه‌نجێك خه‌ونی 3 گه‌نجی له‌ گۆڕ نا

كوردستان 24 پرسه‌ی سێ گه‌نجه‌كه‌ی رووداوه‌كه‌ی رێگای هه‌ولێر - كۆیه‌ به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

شەوی رابردوو لە سەر رێگای ھەولێر - كۆیە، ئۆتۆمبلێك لە 3 گەنج دەدات و ھەر سێكیان گیانیان له‌ ده‌ست دا. شایەتحاڵێك باسی رووداوەكە و خێرالێخورینی شۆفیرەكە دەكات و بنەماڵەی یەكێك لە قوربانییه‌كانیش داواكاره‌ یاساكانی ھاتووچۆ توندوتۆڵتر بكرێن، بۆ ئه‌وه‌ی منداڵی كەسی تر نەبێتە قوربانیی.

گوتەبێژی ھاتووچۆی ھەولێریش وردەكاریی لێكۆڵینەوەی پۆلیس ئاشكرا دەكات و دەڵێت: "شۆفێرەكە دەستگیر كراوە و پەڕاوی لێكۆڵێنەوەی بۆ كراوەتەوە".

ئه‌و 3 گه‌نجه‌ كه‌ ھەر لە منداڵییەوە بە یەكەوە بوون و لە رووداوێكیشدا بەیەكەوە گیانیان لە دەست دا، بنەماڵەكانیان بەیەكەوە پرەسەیان بۆ داناون. ئیبراھیم یه‌كێك له‌ شایەتحاڵه‌كانه‌ و شەوی رووداوەكە لەگەڵ ئەو گەنجانە بووە، بە دەم نیشاندانی وێنەكان باسی رووداوەكە دەكات.

رووداوەكە دڵتەزێنە و ھەر كەسێك بە جۆرێ ھاوخەمیی خۆی بۆ ئەم 3 بنەماڵەیە دەرده‌بڕێ. ئەو گەنجانە كه‌ تەمەنیان 16 ساڵ بوو، قوتابی بوون و خۆیان بۆ تاقیكردنەوەكان ئاماده‌ ده‌كرد. برا گەورەی یەكێك لە قوربانییەكان باسی كەمتەرخەمیی لە سیستەمی ھاتووچۆ دەكات و گلەیی لە به‌شێك له‌ شۆفێران ده‌كات، كە درەنگانی شەو زۆر تیژڕۆن.

دوا بە دوای روداوەكە، پۆلیسی ھاتووچۆی ھەولێر لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌ چۆنییه‌تی رووداوه‌كه‌ كردووه‌ و ئەنجامەكان روون دەكه‌نه‌وه‌ و ده‌ڵێن، خێرایی لە رێگای سەرەكی ھەولێر - كۆیە دەبێ 80 بێت، به‌ڵام شوفێرەكە زۆر لەوە خێراتر بووە و ئەو 3 گەنجەی تا زیاتر لە 50 مەتریش فڕێ داوە.

شەوی رابردوو كاتژمێر 11:50 خولەكی شەو، لە سەر رێگای ھەولێر - كۆیە، ئۆتۆمبیلێك لە جۆری ھیوندا توكسۆن بە خێراییەكی زۆر لە 3 گەنج ده‌دات بە ناوەكانی یەحیا، لاوە و سیداد و ھەر سێكیان گیانیان لە دەست دا و شۆفێره‌كه‌ش كه‌ تەمەنی 20 ساڵە، ده‌ستگیر كراوه‌ و لە بنكەی پۆلیس په‌راوی لیكۆڵینەوەی بۆ كراوەتەوە.