ئیسرائیل لەسەر هەڕەشەکانی ئێران هاتە دەنگ

"بیستم ئێران دەیەوێت پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی دەست پێ بکاتەوە"

K24 – هه‌ولێر:

بێنیامین نەتەنیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە، وڵاتەکەی رێگا نادات ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 08/05/2019، حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، ئەگەر داواکارییەکانی ئێران جێبەجێ نەکرێن، وڵاتەکەی لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی بە تەواوی دەکشێتەوە و دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم دەکات.

بە گوێرەی هەواڵێکی سایتی ئاڕ تی رووسی، لە دوای هەڕەشەکانی رۆحانی، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە: "ئەم بەیانییە، گوێم لێ بوو ئێران دەیەوێت پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی دەست پێ بکاتەوە. ئێمە رێگا نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".

دەشڵێت: "ئێمە لە جەنگ دژی ئەوانه‌ بەردەوام دەبین، کە دەیانەوێت بمانکوژن".