ئێران لە بەشێکی رێککەوتننامەی ئەتۆمی کشایەوە

ئەوروپا هەڕەشە دەکات

K24 – هه‌ولێر:

حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی لە بەشێکی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە دەکشێتەوە و ئەگەر داواکارییەکانی جێبەجێ نەکرێن، ئه‌وا بە تەواوی لە رێککەوتننامەکە دەکشێتەوە.

حەسەن رۆحانی وتارێکی لە رێگای تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی پێشکەش کرد و رایگەیاند: "کاتی زۆرمان دا بە وڵاتانی ئەوڕوپا، تاکو نەهێڵن رێککەوتننامەی ئەتۆمی هەڵبوەشێتەوە، بەڵام بە داخەوە قسەکان کرداریان لەگەڵدا نەبوو. ئەوان ئەمەریکا لە خۆیان بە گەورەتر دەزانن".

راشیگەیاند: "ئێمە لە رێککەوتنی ئەتۆمی بە تەواوی ناکشێینەوە، بەڵام لە هەندێک خاڵ کشاوینەتەوە".

هەروەها سەرۆکی ئێران مۆڵەتی 60 رۆژی داوەتە وڵاتانی ئەوڕوپا، تاکو بە تەواوی پابەندی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە بن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی فه‌ڕه‌نسی، كه‌ ئاماژه‌ به‌ ناوه‌كانیان نه‌كراوه‌، به‌ ئاژانسی هه‌واڵده‌ری رۆیته‌رزیان راگه‌یاندووه‌: "ئێمه‌ نامانه‌وێت ئەمڕۆ تاران بڕیاری خۆی بۆ كشانه‌وه‌ له‌ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی رابگه‌یه‌نێت، چونكه‌ ئه‌و كات ئێمه‌ و ته‌واوی وڵاتانی ئه‌وڕوپاش ناچار ده‌بین به‌ گوێره‌ی مه‌رجه‌كانی ناو رێككه‌وتنه‌كه‌ سزاكانی سه‌ر ئێران بگه‌ڕێنینه‌وه‌".

ساڵێک بەسەر کشانەوەی ئەمەریکا لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران تێپەڕ دەبێت و ئێرانیش به‌ نیازه‌ هەمان کار بکات، بە گوتەی بەرپرسانی ئەو کاتی ئەمەریکاش، ئەگەر رێککەوتننامەی ئەتۆمی نەبوایە، ئەگەر هەبوو جەنگ لە نێوان ئەمەریکا و ئێران هەڵبگیرسێت.