ئێران بڕیاره هه‌ستیاره‌كه ده‌دات
سبه‌ی بڕیاره‌كه راده‌گه‌یه‌نێت
K24- هه‌ولێر:
ئاژانسی هه‌واڵی "ئێرنا"ـی فه‌رمیی ئێرانی بڵاوی كرده‌وه، سبه‌ی تاران له به‌شێك له پابه‌ندبوونه‌كانی به‌و رێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه، كه له ساڵی 2015 له‌گه‌ڵ وڵاتانی گرووپی 5+1 واژۆی كردبوو.
به گوێره‌ی ئه‌و ئاژانسه ئێرانییه، سبه‌ی عه‌باس عێراقچی، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا ئه‌و بڕیاره‌ی وڵاته‌كه‌ی به باڵیۆزانی هه‌ریه‌ك له به‌ریتانیا، فه‌ڕه‌نسا، رووسیا، چین و ئه‌ڵمانیا راده‌گه‌یه‌نێت.
وه‌ك ئه‌و ئاژانسه ئاماژه‌ی پێ داوه، له لایه‌كی دیكه‌وه حه‌سه‌ن رۆحانی، سه‌رۆك كۆماری ئێران نامه‌ی جیاواز بۆ سه‌ركرده‌كانی هه‌ریه‌ك له‌و پێنج وڵاته ده‌نێرێت و پێیان راده‌گه‌یه‌نێت: "به هۆی كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی و پابه‌ند نه‌بوونی لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی رێككه‌وتنه‌كه به به‌ڵێنه‌كانیان، جگه له كشانه‌وه له پابه‌ندبوونه‌كانی به‌و رێككه‌وتنه، ئێران هیچ بژارده‌یه‌كی له‌به‌رده‌م نه‌ماوه".
هه‌روه‌ك ئاژانسه ئێرانییه‌كه نووسیویه‌تی، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریفیش نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی فێدریكا مۆگرینی، كۆمسیاری باڵای ئاسایش و كاروباری ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وڕوپا ده‌كات و تێیدا ورده‌كاریی كشانه‌وه‌ی تاران له رێككه‌وتنه‌كه ده‌خاته روو.
ئاژانسی ئێرنا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه، پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی ئێران له به‌شێك له پابهندبوونهكان هه‌نگاوی یه‌كه‌می تارانه، كه وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ كشانه‌وه‌ی واشنتن له رێككه‌وتنه‌كه و پابه‌ندنه‌بوونی وڵاتانی ئه‌وڕوپا به به‌ڵێنه‌كانیان ده‌نێت.
هه‌روه‌ها جه‌خت كراوه‌ته‌وه، هه‌ر كاتێك له ماوه‌ی 2 مانگدا ئه‌و 5 وڵاته ده‌ستیان به رێككاری پێویست بۆ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه كرد، ئه‌وا ئێرانیش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پابه‌ندبوونی ته‌واو به به‌نده‌كانی رێككه‌وتنه‌كه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له ماوه‌ی دیاریكراودا هیچ هه‌نگاوێك له‌و 5 وڵاته تێبینی نه‌كرا، ئه‌وا تاران ده‌ست به "هه‌نگاوی دووه‌م" ده‌كات، ئه‌مه‌و به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ زانیاریێك له‌باره‌ی هه‌نگاوی دواتر ئاشكرا بكات.
به‌ر له ساڵێك، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كشانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌و رێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه راگه‌یاند، كه له ساڵی 2015 له سه‌رده‌می باراك ئۆبامای سه‌رۆكی پێشووی وڵاته‌كه‌ی له نێوان ئێران و وڵاتانی گرووپی 5+1 واژۆكرا و به گوێره‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه، پێویست بوو به‌رامبه‌ر ده‌ستبه‌رداربوونی تاران له پرۆگرامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی، سزا ئابوورییه‌كانی سه‌ر ئێران هه‌ڵبگیرێن.
H.B