به‌ریتانیا هۆشداریی ده‌داته ئێران
به‌یاننامه‌كه‌ی ئێران هه‌نگاوێكی پێشوازیی لێ نه‌كراوه
K24 – هه‌ولێر:
به‌ریتانیا نیگه‌رانیی خۆی سه‌باره‌ت به كشانه‌وه‌ی ئێران له به‌شێكی رێككه‌وتنی ناووكی ده‌ربڕی و هۆشداری دایه تاران.
ماریك فیڵد، وه‌زیری ده‌وڵه‌ت له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا له به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی گشتیی وڵاته‌كه‌ی رایگه‌یاند، به‌یاننامه‌كه‌ی ئێران هه‌نگاوێكی پێشوازیی لێ نه‌كراوه.
گوتیشی: "له‌م قۆناغه‌دا باس له سه‌پاندنی سزای نوێ به‌سه‌ر ئێران‌دا ناكه‌ین. به‌ڵام پێویسته ئه‌وه له‌بیر نه‌كرێت، كه لابردنی سزاكانی سه‌ر ئێران به‌رامبه‌ر به پابه‌ندبوونی ئێرانه له بواری ناووكی".
ئه‌مڕۆ، كۆماری ئیسلامیی ئێران، باڵیۆزی هه‌ریه‌ك له وڵاتانی به‌ریتانیا، ئه‌ڵمانیا، فه‌ڕه‌نسا، چین و رووسیای ئاگادار كرده‌وه، كه به‌شێك له رێككه‌وتنی ناووكی نێوانیان جێبه‌جێ ناكات.
له 8ی ئایار/ مایۆی 2018دا، ئه‌مه‌ریكا یه‌كلایه‌نه له رێككه‌وتنی ناووكی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یه‌ك پاشه‌كشه‌ی كرد و سزای نوێی به‌سه‌ر ئێران‌دا سه‌پاند. له كاردانه‌وه‌یدا، ئه‌مڕۆ تاران رایگه‌یاند، چیدیكه پابه‌ندی به‌شێكی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه نابێت.
سه‌رچاوه: RT
ئ.ر