پارێزەرانی ئۆجەلان داوایەك لە حكوومەتی توركیا دەكەن

ئەمڕۆ سەردانی داواكاری گشتی كۆماری بۆرسایان كرد

K24 - ھەولێر

پارێزەرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) داوایان لە داواكاری گشتی كۆماری بۆرسا كرد، ئەمڕۆ و سبەی دیدارێك لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجامبدەن.

ھەشت ساڵ بوو دیداری ئۆجەلان و پارێزەرانی لەلایەن حكوومەتی توركیا قەدەخە كرابوو، دوای ھەشت ساڵ بۆ یەكەمجار لە 2/5/2019 رێگە بە دیداری ئۆجەلان و پارێزەرانی درا و دواتریش پەیامی ئۆجەلان بڵاوكرایەوە، كە جەختی لە چارەسەری كێشەكان بە رێگەی ئاشتی كردەوە.

لە دیدارەكەدا ئۆجەلان داوای لە ھەسەدە كردبوو نیگەرانییەكانی توركیا پشتگوێ نەخات. بۆ كۆتاییھێنان بە چالاكییەكانی مانگرتن لە خواردنیش، ئۆجەلان داوایەكی راشكاوانەی نەكردبوو.

پەیوەست بە دیدارەكەی ئیمرالی، شڕۆڤەی جیاواز بۆ ‌پەیامەکەی ئۆجەلان، دەکرێت. بەرپرسێکی باڵای پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" پێی وایە ئۆجەلان دەستی لە پرۆسەی ئاشتی بەرنەداوە و دەیەوێت جارێکی دیکە پرۆسەکە دەست پێبکاتەوە.