عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌ردانی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات
كار بۆ رازیكردنی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌ردانی واشنتن ده‌كات و كار بۆ رازیكردنی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات، تاوه‌كو عێراق بتوانێت خۆی به دوور بگرێت له ململانێی نێوان واشنتن و تاران.
حازم شه‌ممه‌ری، لێكۆڵه‌ری سیاسی و نزیك له ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق، رایگه‌یاند، سه‌رۆك وه‌زیران، عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌یه‌وێت سه‌ردانی واشنتن بكات.
گوتیشی: سه‌رۆك وه‌زیران له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه، عێراق به دوور بگرێت له ململانێی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران.
ئه‌گه‌ری سه‌ردانی سه‌رۆك وه‌زیران بۆ واشنتن دوای ئه‌وه دێت، مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له دوو رۆژی رابردوودا به سه‌ردانێكی چاوه‌ڕوان نه‌كراو، گه‌یشته به‌غدا.
پۆمیۆ هانی عێراقی دا نه‌چێته ژێر باری فشاره‌كانی ئێران و داواشیكرد، عێراق ئاسایش و سه‌لامه‌تی هێز و دیپلۆماتكارانی له عێراق بپارێزێت.