ئەمەریکا هۆشداریی دەداتە ئەو کۆمپانیایانەی مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکەن

"خاکی ئەمەریکا نابینن"

K24 – هه‌ولێر:

باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئەڵمانیا هۆشداری دەداتە کۆمپانیا ئەڵمانییەکان کە بازرگانیکردنیان لەگەڵ ئێران، دەبێتە هۆی بلۆککردنییان لە بازاڕەکانی ئەمەریکا.

ریچارد گرێنێڵ، باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئەڵمانیا بە رۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی گوتووە: "تا ئەو رادەیەی کە دەتەوێت، دەتوانی بازرگانی لەگەڵ ئێران بکەیت، بەڵام ئەمە کار دەکاتە سەر ڤیزاکەت بۆ ئەمەریکا چونکە ئەگەر کارێک لەگەڵ ئەوان بکەیت، ئێمە ناهێڵین بێیتە ناو خاکی ئەمەریکا".

لە دواین هەڵوێستیدا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا لە بارەی سزاکانی سەر ئێران رایگەیاندووە، ئەمەریکا سزای زیاتر بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت، مەگەر ئەوەی کۆماری ئیسلامی هەڵوێست و سیاسەتەکانی بگۆڕێت.

ئێران نامەیەکی ئاراستەی ئەوروپا کردووە و مۆڵەتی 60 رۆژی داوە کە بەبێ رەچاوکردنی سزاکانی ئەمەریکا مامەڵە و بازرگانی لەگەڵ تاران بکەن، بەڵام هەر زوو یەکێتی ئەوروپا رەتیکردووە.

H.J