بەرپرسێکی ئەمەریکی: واشنتن بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی بەرامبەر بە کورد له‌سه‌ر شانه‌

بەرپرسی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا بۆ کوردستان 24 باسی رۆلی ئەمەریکا بەرامبەر بە کورد دەکات

K24 – واشنتن:

بەرپرسی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئەمەریكا دووپاتی دەكاتەوە، ئەمەریكا بەرپرسیارییەتی ئەخلاقیی پاراستنی كوردی لە عێراق و سووریا له‌ ئه‌ستۆ دایه‌.

ئیلیه‌ت ئینگل، سه‌رۆكی كۆمیته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مەریكا، له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند: " پێویسته‌ ئیداره‌ی تره‌مپ كوردانی سووریا بپارێزێت و رێگه‌ نه‌دات توركیا هێرش بكاته‌ سه‌ریان".

 گوتیشی: "واشنتن به‌رپرسیارێتیی ئه‌خلاقی له‌سه‌ر شانه‌، كه‌ پشتگیریی هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ سووریا و عێراق بكات و پشتگوێیان نه‌خات".

ئەگەرچی پێشتر سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، نیازی هەبوو هێزەکانی لە سووریا و ئەفغانستان و چەند وڵاتێکی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکشێنێتەوە، بەڵام ئەمە ناڕەزایی لێ کەوتەوە و بە "خیانەت" دژی هاوپەیمانەکانی ناوبرا، ئێستاش بە هۆی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران، ئەمەریکا تا دێت هێزی زیاتر رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

 H.J