پیت هێگسێت ژمارەی ژەنەڕاڵ و ئەدمیراڵەکانی سوپا کەمدەکاتەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا بەگوێرەی زانیارییەکانی پێنتاگۆن، بڕیارە ژمارەی ژەنەڕاڵ و ئەدمیراڵەکانی سوپای ئەمریکا کەمبکاتەوە.
بەرپرسانی پێنتاگۆن رایانگەیاند، هێگسێت داوای لە هەموو بەشەکانی سوپا کردووە رێژەی ئەو کەمکردنەوەیەی لە بەهاری رابردوودا فەرمانی پێ کردبوون، لە 10%ـەوە بۆ 20% بەرز بکەنەوە، ئەم هەنگاوە نزیکەی 800 پۆستی ئەفسەرانی پلە باڵا لە ریزەکانی ژەنەڕاڵ و ئەدمیراڵەکان دەگرێتەوە و پرۆسەی جێبەجێکردنەکەیشی تا یەکی کانوونی دووەمی 2027 تەواو دەبێت.
پێشبینی دەکرێت هێگسێت ئەم راگەیاندنە لە میانی گوتارێکدا بخاتەڕوو، کە لە بنکەی هێزەکانی پیادەی دەریایی ئەمریکا لە کوانتیکۆ لە ویلایەتی ڤێرجینیا پێشکەشی دەکات، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا ناوی ئەم گوتارەی ناوە گوتاری دۆخی هێزەکان و ئەمە دووەمین ساڵە لەسەریەک هێگسێت پێشکەشی دەکات.
فۆکس نیوز پێشتر وردەکاریی کەمکردنەوە نوێیەکەی بڵاوکردەوە و روونیکردەوە، بڕیارەکە هەر ژەنەڕاڵێک پلەی یەک ئەستێرە یان زیاتری هەبێت، یان ئەفسەرێکی پلەی هاوشێوە لە هێزی دەریایی ئەمریکا بگرێتەوە.
لە میانی کەمکردنەوەکانی ساڵی رابردووشدا، هێگسێت فەرمانی بە هێزەکانی خزمەتی کرداری کردبوو 20%ـی ئەفسەرەکانیان کە چوار ئەستێرەیان هەیە و بەرزترین پلەی فەرماندەیین کەم بکەنەوە، هەروەها داوای لە پاسەوانی نیشتمانیی ئەمریکا کردبوو 20% لەو کەسانەی لە بەرزترین پۆستەکانی ئەو هێزەدان کەم بکەنەوە.