ئەمریکا لە گرووپی گریکۆ کشایەوە

ئەمڕۆ ئەمریکا بە فەرمی کشانەوەی خۆی لە گرووپی دەوڵەتانی دژ بە گەندەڵی ناسراو بە گریکۆی سەر بە ئەنجوومەنی ئەوروپا راگەیاند، ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر تەنیا رووسیا و بێلاڕووس لەم گرووپە کشابوونەوە.

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا لەو دەستە ئەوروپییە بکشێتەوە. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانی واشنتن بۆ کشانەوە لەو رێکخراوە نێودەوڵەتی و فرەلایەنانە دێت کە واشنتن بە دەستوەردان لە دەسەڵاتەکانیان، بێتوانایی یان نەگونجان لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەمریکا تۆمەتباریان دەکات.

ئەنجوومەنی ئەوروپا، کە بارەگاکەی لە ستراسبۆرگی فەرەنسایە، دوێنێ سێشەممەی رایگەیاند، ئەمریکا بە فەرمی ئاگاداری کردوونەتەوە لە بڕیاری کشانەوەی.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕیارەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: "بەشداریکردنی واشنتن لەو گرووپەدا، کە پێویستی بە تەرخانکردنی پارەی ساڵانە هەیە، هیچ سوودێکی بەرچاوی بۆ ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا نییە".

وەزارەتەکە روونیکردەوە، سەردەمی پێشکەشکردنی پاڵپشتیی دارایی بۆ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کۆتایی هاتووە. واشنتن جەختیکردەوە، ئێستا پێشینە بۆ ئەو ئامرازانە دادەنێن کە کاریگەرییان زیاترە لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا، لەوانەش سنووردارکردنی ڤیزا، سزاکان و هاوکارییە دەرەکییەکان بۆ بەهێزکردنی لێکۆڵینەوە تاوانکارییە بیانییەکان.

ئەنجوومەنی ئەوروپا لە راگەیێندراوێکدا ئەمریکای بە بەشدارێکی بەنرخ لە گریکۆ و لە ئاڵوگۆڕی ئەزموون و پراکتیکە باشەکان بۆ دژایەتیکردنی گەندەڵی ناوبرد. ئەنجوومەنەکە جەختیکردەوە، هێشتا دەرگایان کراوەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا لە داهاتوودا، ئەوەش بە مەبەستی پشتگیریکردن لە هەوڵە هاوبەشەکان بۆ رێگری لە گەندەڵی، بەهێزکردنی پاکیی دامەزراوەکان و سەپاندنی سەروەریی یاسا.