لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

ئه‌مساڵ جوتیارانی كورد ده‌توانن، دروێنه‌ی به‌روبوومی دانه‌وێڵه‌ بكه‌ن

K24 – هه‌ولێر:

لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان، رایگه‌یاند، ئه‌مساڵ جوتیارانی كورد ده‌توانن، دروێنه‌ی به‌روبوومی دانه‌وێڵه‌ بكه‌ن و به‌ هیمه‌تی حه‌كیمانه‌ی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی توانرا رێگری له‌ پیلانێكی دژ به‌ جوتیارانی كورد بكرێت.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: بەدانیشتنی لیژنەکەمان لەگەڵ جوتیارانی ئەو گوندانە و بەرزکردنەوەی راپۆرتمان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان توانرا رێگە لەو پلانە بگیرێت و بەفەرمانێک ئێستا رێگە دەدرێت ئەو جوتیارانە کاری دروێنەی خۆیان بکەن.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

راگەیەندراوێک لە لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان

دوای ئەوەی هێرشێکی نەخشە بۆ داڕێژراو بۆ سەر کێڵگە کشتوکاڵییەکانی خانەقین و دوبز و گوندەکانی سەر بە ناحیەی سەرگەڕانی پارێزگای کەرکووک ئەنجامدرا، لیژنەکەمان لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان بەزوویی هاتینە سەر خەت و لێکۆڵینەوەمان لەم هەنگاوە مەترسیدارە کردووە بە هیمەتی حەکیمانەی جەنابی سەرۆك بارزانی کە هەر زوو بە دەنگیانەوە هاتووە بەدانیشتنی لیژنەکەمان لەگەڵ جوتیارانی ئەو گوندانە و بەرزکردنەوەی ڕاپۆرتمان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان توانرا ڕێگە لەو پلانە بگیرێت و بەفەرمانێک ئێستا ڕێگە دەدرێت ئەو جوتیارانە کاری دروێنەی خۆیان بکەن.

ئێمە وەک چۆن سەرەتا بەڵێنمان پێدان تەواوی هەوڵەکانمان دەخەینە گەڕ کە ئەم کێشەیە بەزوویی چارەسەر بکەین بەڵێنی ئەوەشیان پێدەدەین بەزوویی لەڕێگەی یاساوە مافەکانیان بپارێزرێن... لێرەشەوە سوپاسی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی به‌غداد دەکەین کەهاوکاری باشمان بوون بەدەم داوای لیژنەکەمانەوە هاتن.

لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان

23ی ئایاری ساڵی 2019