حەسهن کێفی باکووری کوردستان بۆ هەمیشە دەبێتە یادەوەریی
شارۆچکەکە تەمەنی 11 هەزار ساڵە و لە پێناو بەنداوێک ژێر ئاو دەکەوێت
K24 – ههولێر:
لە داهاتوویەکی نزیکدا، شاری حەسکێف (بە تورکی حەسەنکیف)ی باکووری کوردستان، کە تەمەنی 11 هەزار ساڵە، دەبێتە بەشێک لە یادەوەریی و بۆ هەمیشە بە هۆی دروستکردنی بەنداوی ئەلیسۆ، ژێر ئاو دەکەوێت.
فاتیما سالکان، دانیشتوویەکی کوردی شارۆچکەکە، لەگەڵ تەماشاکردنی دیمەنی ناوازەی شارۆچکەکەی، باخە میوەکان، شوێنەوارە مێژووییەکان و لقێکی رووباری دیجلە، کە بە تەنیشت ماڵەکەیاندا ێپەڕدەبێت، دەڵێت: "ئەم هەموو شوێنە کۆنانە دەبینن؟ ئێمە خاوەنیانین، بەڵام ئهوهتا ئەمڕۆ ئێمە بێ ماڵین".
مێژووی حەسکێف
شوێنەوارناسان بە سوودوەرگرتن لە چەند شوێنەوارێکی "چاخی بەردینی نوێ"، بڕوایان وایە حەسکێف 11 هەزار ساڵ لەمەوبەر دروست کراوە و رێگایەکی سەرەکیی هاتووچۆی ئاشووری، ئەیووبی و عوسمانییەکان بووە.
پێگەیەکی گرنگی سەربازیی بۆ ئیمپراتۆریەتی رۆمانی هەبووە و لە سەدەی سێزدەشدا، لە لایەن مەنگۆلەکان داگیر کراوە.
بەنداوی ئەلیسۆ
بەنداوی ئەلیسۆ شەش هەزار پێ درێژە، بڕی یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلارله دروستکردنی خهرج كراوه و توانای هەیە ساڵانە بڕی سێ هەزار و 800 گێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنێت.
بڕیارە حوزەیرانی ئەمساڵ، بەنداوەکە بە تەواوی بکەوێتە کار و بە هۆیەوە نزیکەی 200 کیلۆمەتر لە زەوی کشتووکاڵیی، شارۆچکەی حەسکێف و دەیان گوند ژێر ئاو دەکەون.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە بارەی بەنداوەکە دەڵێت: "لەگەڵ بەنداوی ئەلیسۆ، تورکیا هێزێکی گەورە بەدەست دەهێنێت، بەنداوێکی گرنگ دەبێت بۆ شکانی تینووێتیمان".
بە گوتەی حکوومەتی تورکیا، بەنداوی ئەلیسۆ لە چوارچێوەی پڕۆژەگەلی باشووری رۆژهەڵاتی ئاناتۆلیا دروست کراوە و ئامانج لێی، بەرهەمهێنانی کارەبا و پاراستنی تورکیایە لە گۆڕینی کەشوهەوا و وشکەساڵیی.
له ئاكامی ئهو پڕۆژهیهدا دانیشتووانی ئەو ناوچانە، شوێنەوارە دێرینەکان و وڵاتانی عێراق و سووریا زیانمەندی یەکەم دەبن.
بە هۆی ئەو بەنداوەوه، عێراق و سووریا رووبەڕووی کەمئاویی و وشکبوونی چەند سەرچاوەیەکی رووباری دیجلە دەبنەوە.
.jpg)
تاکو ئێستاش، پاسە گەشتیارییەکان بەناو حەسکیفدا تێپەڕدەبن، بەشێک لە دانیشتووانی ئەو شارۆچکەیە هێشتا ماڵەکانیان جێنەهێشتووە و لەوێ کافێ و چێشتخانەیان هەیە، بەڵام بێ هیوان لە هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی شارۆچکەکەیان.
حکوومەتی تورکیا دەڵێت، دەبێت 15 هەزار کەس بەهۆی پڕۆژەکە بگوازرێنەوە، بەڵام چاودێران دەڵێن، پڕۆژەکە کاریگەری لەسەر 50 هەزار کەس دەبێت.
سالکان کە رەنگە لە چەند مانگی داهاتوو چیدی ئەو ماڵ و کوچە و کۆڵانانە نەبینێت کە تەواوی تەمەنی تیایاندا ژیاوە، دەڵێت: "ویستمان خۆپیشاندان بکەین، بەڵام نەمانتوانی چونکە دواتر پێما دەڵێن تیرۆرست. ئەگەر خەڵک خۆپیشاندان بکات، سزا دەدرێت".
Business Insider
H.J