هۆکاری ئارەزووکردنی چەند خواردنێک و دوورکەوتنەوە لە هەندێکی دیکە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
ئایا کاتێک ئارەزووی خواردنێک دەکەین مانای وایە لەشمان پێویستی پێیەتی؟
K24 – ههولێر:
ئارەزووی خواردن لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت، بەڵام زۆرجار ئەو خواردنانەی ئارەزووی خواردنیان دەکەین پڕن لە کالۆری و دەبنە هۆی قەڵەویی، بەڵام بۆچی ئێمە ئارەزووی ئەو خواردنانە دەکەین؟ ئایا ئەوە راستە کاتێک ژنێکی دووگیان ئارەزووی خواردنێک دەکات، ئەوە کۆرپەلەکەی ناوسکی پێویستی پێیەتی؟
توێژەران دەڵێن چەند هۆکارێک بۆ ئارەزووی خواردن هەن و زۆربەیان سایکەلۆژین.
رۆلی کەلتوور
جۆن ئاپۆزلان، یاریدەدەری پرۆفیسۆر لە سەنتەری توێژینەوەی پزیشکیی پێنینگتۆن بایۆمێدیکاڵی ئەمەریکی دەڵێت: "لەگەڵ تەماشاکردنی فیلمە تایبەتەکانت، گەنمە شامی دەخۆیت، بۆیە کاتێک تەماشای فیلم دەکەیت، ئارەزووت بۆ خواردنی گەنمە شامی زیاد دەبێت".
لە هێنانەوەی نموونەیەکی دیکەدا دەڵێت: "هەندێک کەس لە پاش نیوەڕۆ، شیرینی دەخۆن، ئامەش وادەکات، کاتێک لە کار بن یان لە ماڵەوە، لەگەڵ هاتنی کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ، ئارەزووی خواردنی شیرنیی بکەن".
ئەمەش وادەکات بڵێین، ئارەزووی خواردنی لەبەر چەند هۆکارێکی دەرەکی بێت نەک ئەوەی لەشمان داوای بکات.
هەندێک کەس زۆر ئارەزووکردنی خواردنی شۆکۆلات بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە ماددەی فینیسیلامینی تێدایە و دەبێتە هۆ دەردانی هۆرمۆنەکانی دۆپەمین و سێرۆتۆنین کە دەبنە هۆی دڵخۆشیی، بەڵام زۆر خواردنی دیکە هەیە هەمان پێکهاتەیان تێدایە و وەکو شۆکۆلات ئارەزوویان ناکەین.
بەگوێرەی توێژینەوەکان، ژنانی ئەمەریکا زۆر زیاتر ئارەزووی خواردنی شۆکۆلات دەکەن تاکو ژنانی وڵاتانی دیکە، ئەمەش وا دەکات بڵێین، خواردنی شۆکۆلاتیش، پەیوەندی بە کەلتوور و ئەو شێوازی ژیانەیە کە لەگەڵی دەژین.
رۆلی زیندەچەکان
تریلیۆنەها بەکتریا لە ناو سکی مرۆڤدا بوونیان هەیە کە کاریگەری لەسەر ئارەزووی خواردن دروست دەکەن، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نایەت، ئەو خواردنانە گرنگن بۆمان.
ئاسێنا ئاکتیپس، پرۆفیسۆر لە زانکۆی ئاریزۆنای لەو بارەیەوە ئاشکرایکردووە، ئەو زیندەچانە بە دوای بەرژەوەندی خۆیاندا دەگەڕێن و لەو کارەشدا زۆر سەرکەوتوون.
دەشڵێت: "هەندێک خواردن دەبنە هۆی بە زیندوو مانەوەی ئەو زیندەچانە، ئەوانیش کارگەری لەسەر مرۆڤ دروست دەکەن کە زیاتر ئارەزووی ئەو خواردنانە بکەن، ئەمەش بەشێکە لە یاسای پەرەسەندن، زیندەچە و بەکتریاکان دەیانەوێت بۆ چەند نەوەی داهاتووی مرۆڤایەتی، بە زیندوویی بمێننەوە".
ئاماژە بەوەش دەکات، بەکتریاکان لەرێگای ریخۆڵە و گەدەوە فەرمان بۆ مێشک دەنێرن، تەنانەت کاریگەرییان لەسەر تامی خواردن لای هەر مرۆڤێک هەیە.
چارەسەر
چارەسەرێکی روون بۆ ئەم حاڵەتە نییە، بەڵکو تاکە رێگا ئەوەیە، کەمتر ئەو خواردنانە بخۆیت کە زۆر ئارەزوویان دەکەیت ئەگەر دەزانی زیانبەخشن، تاکو یادگای مێشک ئەو خواردنانە وەک خواردنێکی تەواو ویستراو لە بیر بکات.
ئەوەی ئێستا ئاشکرا کراوە ئەوەیە، کاتێک ئارەزووی خواردنێکی پڕ چەوری و شەکر دەکەیت، یاخود دووگیانیت و لە پڕ ئارەزووت بۆ خواردنێک دەبێت، ئەوە مانای ئەوە نییە ئەو خواردنانە سوودیان بۆت هەیە، بەڵکو تەنها چەند هۆکارێکی کەلتووری، ژینگەیی و زیندەچەیی کاریان تێکردووی.
BBC
H.J