داود ئۆغڵو: نابێ پهكهكه ببێته ئاستهنگی بهردهم پەیوەندییەكانمان لەگەڵ برا كوردهكانمان
"هەوڵێکی زۆرم بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و ھەولێر داوە"
K24 - ئامەد
ئەحمەد داود ئۆغڵو، سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا رایدەگەیەنێت، پەیوەندیی نێوان توركیا و هەرێمی کوردستان بۆ ئاشتیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر گرنگە، بۆیه نابێ پەكەكە بۆ پەیوەندییەكانمان لەگەڵ برایانی كورد لە عێراق و سووریا ببێتە ئاستەنگ.
ئەحمەد داود ئۆغڵو، لە میانی سەردانیکردنی شاری دیاربەکری باكووری كوردستان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، كاتێ ئەو سەرۆک وەزیرانی توركیا بوو، هەوڵێکی زۆری بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و ھەولێر داوە و پەیوەندییەکان پێشکەوتنی باشیان بەخۆیەوە بینیوه.
داود ئۆغڵو، گوتیشی: "ھەم لەو كاتەی كە سەرۆك وەزیرانی توركیا بووم، ھەمیش لەو كاتەی وەزیری دەرەوە بووم، یەكێك لەو بابەتەی كە زۆر گرنگیم پێی دەدا، پرۆسەی ئاشتی بوو لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان و توركیاش لەو چوارچێوەیەدا گرنگیی خۆی ھەیە، زۆرجار بۆ پەرەدان بە پەیوەندییەكان سەردانی ھەولێر و سلێمانی و كەركووكم كردووە، ھەوڵی زۆرم لەو پێناوە دا و زەمینەیەكی باش رەخسا بوو. لە كاتی ریفراندۆمی خەڵكی كوردستان بۆچوونی جیاواز لەنێوان ھەردوولا دروست بوو، دەبووایە پێش ریفراندۆم و دوای ریفراندۆمیش دانوستان ھەبووایە، ئێستاش دەبێ پەرە بە پەیوەندییەكان بدرێت، چونكە پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و توركیا بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست گرنگە".
راشیگەیاند: "نابێ پەكەكە ببێتە ئاستەنگ بۆ پەیوەندییەكانی برا كوردهكانمان لە عێراق و سووریا، رێگە راستەكە ئەوەیە جارێكی دیكە پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و توركیا باشتر بكرێنەوە".
لە بارەی دۆخی سووریاشهوه، سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا گوتی: "لە سووریا كورد و عەرەب و توركمان بۆ ئێمە یەكن و لە رووی كۆمەڵایەتییەوە تێكەڵی زۆر لەنێوانیاندا ھەیە، بەداخەوە بەشار ئەسەد دوژمنایەتیی لەنێوان ئەوان دروست كردووە".
ئاماژەی بەوەش دا: "پەیوەندیی ئێمە و برایانی كورد، پەیوەندییەكی مێژووییە و نابێ ئەو پەیوەندییانە تێك بدرێن، دەبێ سیاسەتی توركیا بۆ ئەوە بێت، كە جیاوازیی دروست نەبێت، پێویستە مافی ھەموو پێكھاتەكانی سووریا دەستەبەر بكرێت، كورد پێكھاتەیەكی گرنگ و سەرەكییە لە ناوچەكە، ئارامیی و سەقامگیریی لەنێوان كورد و توركمان و عەرەبەكان لە عێراق زۆر گرنگە بۆ ئێمە".
ھ.م