نێچیرڤان بارزانی: سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم چه‌تری یه‌كڕیزی ده‌بێت

نێچیرڤان بارزانی په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا رایگه‌یاند، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم چه‌تری یه‌كڕیزی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌

پەیامێک لە (نێچیرڤان بارزانی)یەوە.. 

وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی زۆرم بۆ پەرلەمانی کوردستانی بەڕێز، کە ئەمڕۆ بە نوێنەرایەتیی گەلی کوردستان متمانەیان پێدام، سەرجەم کوردستانیانی ئازیز دڵنیا دەکەمەوە کە سەرۆکایەتییی هەرێم چەتری یەکڕیزی و کۆکەرەوەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و پێکهاتە ئیتنی و ئایینییەکانی دەبێت بە جیاوازیی بیر و بۆچوونەکانیانەوە، لە پێناوی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ئارامیی گەلی کوردستاندا.

کوردستانیانی خۆشەویست

ئارامی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی و زامنکردنی مافەکانی تاک و کۆمەڵگه‌، ئامانجی سەرەکیمان دەبێت بە گرتنەبەری ڕێگای دیالۆگ لە چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لە چوارچێوەی دەستووردا، هەروەها پاراستنی پەیوەندیی دۆستانەی بەهێز لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و بەردەوامیدان بە بەهێزکردنی پێگە و سەنگی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی. 

هەرێمی کوردستان موڵکی هەموو کوردستانیانە  بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە، سەرۆکایەتی هەرێمیش سەکۆی ئیرادە و خواست و مافەکانیان دەبێت بەبێ هیچ جیاکاری و پەڕگیرییەک. بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان، بەردەوامیدان و خێراکردنی هەنگاوەکانی پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم لە لایەنە بەشداربووەکانی دەخوازێت. 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستان

٢٨/٥/٢٠١٩