کوردستان24 وادەی راسپاردنی مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ ئاشکرا دەکات
" حکوومەتی هەرێم لە کاتی خۆیدا پێک دەهێنرێت"
K24 – ههولێر:
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی ئاشکرای دەکات، بڕیاری یەکێتی هەرچۆنێک بێت لە داهاتوودا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا پێک دەهێنرێت.
چنار سەعد عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەپێی ئەو وادەیەی بە پەرلەمانتاران گەیشتووە، نێچیرڤان بارزانی 10ی مانگی داھاتوو سوێندی یاسایی دەخوات و پێکهاتەکانیش بەشداریی پێکهێنانی حکوومەت دەکەن".
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، رۆژی 10/06/2019، پەرلەمانی کوردستان له هۆڵی سهعد عهبدوڵڵا کۆ دەبێتەوە و سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوێندی یاسایی دەخوات.
هەروەها بڕیارە رۆژی 12/06/2019، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمێکدا مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانی حکوومەت رابسپێرێت، سەرۆکی راسپێردراوی حکوومەتیش، ماوەی 30 رۆژ مۆڵەتی هەیە، تاکو کابینەی نوێی حکوومەت پێک بهێنێت.
H.J