ئاگر لە دەغڵودانی جووتیارانی كوردی سێ گوندی داقووق به‌ردرا

سێ گونده‌كه‌ کاکەیی نشینن

K24 – كه‌ركووك:

لە سێ گوندی کاکەییه‌كان له سنوری شارۆچکەی داقووق، ئاگر لە دەغڵودانی جووتیارە کوردەکان بەردرا و سەرچاوەی ئاگرەکەش نادیارە.

رەجەب عاسی کاکەیی، كه‌ چالاکی کاکەییە و دانیشتووی گوندی عەلی سەراییە، بە کوردستان24ی راگه‌یاند، لە سێ گوندی کاکەیی نیشین لە شارۆچکەی داقووق، ئاگر لە دەغڵودانی جووتیارە کوردەکان بەردرا.

ره‌جه‌ب كاكه‌یی گوتی: "ئاگره‌كه‌ گوندەکانی عەنانە، عەرەب کۆیی و عەلی سەراینی گرتووه‌ته‌وه‌ و هێشتا سەرچاوەی ئاگرەکە نازانرێت لە کوێوه‌ بووه‌".

گوتیشی: "لە ترسی بۆمبی چێنراو لەسەر رێگاکان، جووتیارە کوردەکان تەنیا لە دوورەوە تەماشای سووتانی دەغڵودانەکانیان دەکەن و ناتوانن بڕۆن بیکوژێننەوە، چونکە چەند جارێک، بۆمبی چێندراو لە رێگای جووتیارەکان دانراوه‌ و لە کاتی چونیان بۆ کوژاندنەوەی دەغڵەکانیان، پێیاندا تەقیوەتەوە، بۆیە ئێستا ترسی دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆ هەیە".

خەڵکەکەیش هانایان بۆ هێزە ئەمنییەکان بردووە، بەڵام هیچ کام لە هێزە ئەمنییەکان بەدەمیانەوە نەچوونە.