سه‌رۆك بارزانی: ده‌بێت حكوومه‌تی عێراق به‌رامبه‌ر هاووڵاتیانی كورد كۆتایی به‌ یاساشكێنێ بهێنێت

سووتاندنی دەغڵودانی هاووڵاتیانی كورد

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی په‌یامێكی له‌ باره‌ی سووتاندنی ده‌غڵودانی هاووڵاتیانی كورد بڵاو كرده‌وه‌.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌

بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

سووتاندنی دەغلودانی هاووڵاتیانی كورد لە ناوچەكانی ماددەی 140، هەروەها كوشتن و ئازاردان و برینداركردنی خەڵكی كورد لەو ناوچانەدا، كە ماوەیەكە بووەتە دیاردە و ڕۆژانە ئەنجام دەدرێت، تاوانێكی گەورە و زوڵمێكی ئاشكرایە لە هاووڵاتیانی بێتاوانی كورد دەكرێت.

ئەوەی لەو ناوچانە دەگوزەرێت، پێشێلكردنی یاسا و دەستوور و بەهاكانی مرۆڤایەتییە و زەنگی مەترسیشە بۆ ژیانی خەڵك و داهاتووی ئەو ناوچانە. ئەم زوڵمەی كە ڕۆژانە دەكرێت، سزادان و هەڵتەكاندنی خەڵكە لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی .

سەپاندنی ئەو دۆخە بەسەر جووتیاران و خەڵكی سڤیلی ئەو ناوچانە، بە هیچ شێوەیەك جێگەی قبوڵكردن نییە، پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەكان لەسەر ئەو بارودۆخە نالەبارە بێنە دەنگ و حكوومەتی عێراقیش دەبێ بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و كۆتایی بەو ستەم و یاساشكێنیە بهێنێت، كە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیداری هەرێم، لە دژی هاووڵاتیانی كورد ئەنجام دەدرێت.

مسعود بارزانی

30ـی 5ـی 2019