سەدر پەیامێکی تووندی لەسەر رەوشی کەرکووک بڵاوکردەوە

"تا کار لەکار نەترازاوە گوێبگرن"

K24 – هه‌ولێر:

موقتەدا سەدر پەیامێك لەبارەی دۆخی كەركووك بۆ حكومەت دەنێرێت و دەڵێت، شتێك بكە ئەگەرنا با خۆمان بیكەین.

لە تویتێكدا لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، پەیامێكی بۆ حكومەتی عێراق لەبارەی دۆخی كەركووك و تەقینەوەكانی شەوی رابردوو ناردووە و نوسیوویەتی: "تا كار لەكار نەترازاوە گوێبگرن و بە ئاگابێنەوە، جا ئەی حكوومەت یان خۆت شتێك بكە، یان لێگەڕێ خۆمان بیكەین، بەڵكو ئێمە شتێك بكەین سوودی ھەبێت نەوەك زیان".

ھەروەھا سەدر نوسیوویەتی: "گەل بەدەست برسیەتی و خۆسەپاندن و گەندەڵییەوە دەناڵێنێت و دەبێت گەندەڵكاران و كەسانی سەر بە حزبەكان لە پۆستەكان دووربخرێنەوە".

شەوی رابردوو 30/05/2019، زنجیرەیەک تەقینەوە لە شاری کەرکووک روویاندا و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و 24 دیکەش برینداربوون.

 H.J