هەژاریی و جەنگ بەرۆکی بەشێک لە منداڵانی جیهان بەرنادات
منداڵانی جیهان رۆژە جیهانییەکەیان بەشێوەی جیاواز بەسەر دەبەن
K24 – ههولێر:
ئەمڕۆ شەممە 01/06/2019، رۆژی جیهانی منداڵانە و جیهان بە شێوەی جیاوازی یادی ئەم رۆژە دەکاتەوە.
مێژووی ئەم رۆژە بۆ ساڵی 1857 دەگەڕێتەوە کاتێک قەشەیەک بە ناوی چارلس لیۆناردۆ لە ئەمەریکا رۆژێکی بۆ خزمەتکردنی منداڵان تەرخان کرد و ناوی نا "رۆژی گوڵی سوور"، دواتر ئەم ناوە بۆ "رۆژی گوڵ"، دواتریش بۆ "رۆژی منداڵان" گۆڕدرا.
لە تشرینی دووەمی ساڵی 1949، فیدراسیۆنی دیموکراتی نێودەوڵەتی ژنان لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، بە فەرمی 1ی حوزەیرانی بە رۆژی جیهانی منداڵان دیاری کرد، بەڵام جیا لەم رۆژە و لە هەندێک وڵات، 20ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک یادی رۆژی منداڵان دەکرێتەوە.
بەشێوەیەکی گشتی لەم رۆژەدا، دایک و باوکان منداڵەکانیان بۆ بەسەرکردنی کاتێکی خۆش دەبەنە دەرەوە و لەو وڵاتانەشی کە رەوشی منداڵان خراپە، چالاکی مرۆیی و هۆشیاریی لەبارەی باشترکردنی ژیانی منداڵان بڵاودەکرێتەوە.
بەگوێرەی داتاکان، زیاد لە 25%ی ئەو کەسانەی لە جیهان کاری کۆیلایەتییان پێدەکرێت، منداڵن، ئەم منداڵانە ناچار بە کاری سێکسی و زۆرەملێ دەکرێن.
سەنتەری نیشتیمانیی منداڵانی هەژار لە ئەمەریکا لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە، 21%ی منداڵانی جیهان لە خوار هێڵی هەژارییەوە دەژین و خواردن و خواردنەوەی پێویستیان پێشکەش ناکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لەو وڵاتانەی کە ئێستا جەنگیان تێدایە، منداڵان یەکێکن لە قوربانییە سەرەکییەکان و هەندێک جاریش وەکو ئامرازێک بۆ دوورکەوتنەوە لە بۆمب و بۆردومانەکان بەکاردێن.
بەگوێرەی داتاکانی یونسئێف، تەنها لە وڵاتی یەمەن، 12 ملیۆن منداڵ بەدەست بەد خۆراکیی و نەخۆشییەوە دەناڵێنن، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو جەنگەی ئێستا بەرۆکی ئەو وڵاتەی گرتووە.
جیاوازی دۆخی ئابووری و ئەمنی وڵات، نەبوونی رۆشنبیری و تێکچوونی شیرازەی خێزان، دۆخی سەختی هەژاری و پڕ مەرگە ساتی بەسەر هەندێک منداڵ سەپاندووە، لە هەندێک وڵاتی دیکەش، لە رۆژی جیهانییەکەیان، منداڵان بە مۆسیقا و شانۆ و وەرزش چالاکی جیاواز ئەنجام دەدەن و رۆژێکی خۆش لەگەڵ خێزانەکانیان بەسەر دەبەن.
H.J