په‌رله‌مانی كوردستان: ئیداره‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كه‌ركووك ناتوانن رێگه‌ له‌ داعش بگرن

جه‌خت له‌سه‌رهەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق ده‌كه‌ینه‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

لە راگه‌یه‌ندراوێكدا، سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان، ئیدانەی تەقینەوەكانی شه‌وی رابردووی كەركووكی كرد و رایگه‌یاند، جەخت لە بەشداری پێکردنی تەواوی پێکهاتەکان لە ئیدارەدانی دۆسییەی ئەمنیی شارەکە و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق ده‌كه‌ینه‌وه‌.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، رەوشی ئاسایشی شاری کەرکووک و دەوروبەری زۆر خراپتر بووە و ئیدارەی شارەکە و هێزە ئەمنییەکان نەیانتوانیوە ئاسایش و سەقامگیریی شارەکە بپارێزن.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌

دڵگران وغەمبارین بە بیستنی هەواڵی هێرشە تیرۆریستییەکانی دوێنێ شه‌وى شاری کەرکووک و بە توندی ئیدانەی ئەم کارە قیزەونە دژ بە هاووڵاتیی سیڤیلى شاری کەرکووکی خۆشەویست دەکەین و لە خودای گەورە داواکارین شەهیدان بە بەهەشتی خۆی شاد بکات و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین.

وەک لای هەموولایەک روون و ئاشکرایە لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 ڕەوشی ئاسایشی شاری کەرکووک و دەوروبەری زۆر خراپتربووە و ئیدارەی شارەکە و هێزە ئەمنییەکان نەیانتوانیوە ئاسایش و سەقامگیریی شارەکە بپارێزن و رێگە لەسەرهەڵدانەوەی تیرۆریستانی داعش بگرن، ‌ئەم تەقینەوانە و سووتاندنی دەغل و دانی جووتیارانی کورد و پڕۆسەی بە عەرەبکردنەوە و پێشێلکردنی ماددەی 140 و کارنەکردن بۆجێبەجێکردن و ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک ناسەقامگیریی زیاتری لێدەکەوێتەوە، ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان نیگەرانیی خۆمان رادەگەیەنین و پێویستە حکومەتی عێراق لە ئاست بەرپرسیاریەتیی یاسایی و دەستووریی خۆیدابێت و سەروماڵی هاووڵاتییان بپارێزریت و رێگە بە پێشێلکاری نەدات، هاوکات جەخت لە بەشداریپێکردنی تەواوی پێکهاتەکان لە ئیدارەدانی دۆسییەی ئەمنی لە شارەکە و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق زیاتر ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان و دوورخستنەوەی خەتەری هاوشێوە لەسەر کەرکووک.

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان

31ی ئایاری 2019