پاسداران: ده‌ستمان پێیان گه‌یشتبا ئێستا حووسییه‌كان له ریاز ده‌بوون
ئه‌گه‌ر ئێران بگاته یه‌مه‌ن، ره‌وشه‌كه به ته‌واوی ده‌گۆڕێت
K24 – هه‌ولێر:
فه‌رمانده‌یه‌كی سوپای پاسداران، رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر وڵاته‌كه‌ی ده‌ستتێوه‌ردانی له یه‌مه‌ن بكردبا، ئێستا حووسییه‌كان له ریاز ده‌بوون.
عه‌لی فه‌ده‌وی، جێگری فه‌رمانده‌ی گشتیی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران ره‌تیكرده‌وه هاوكاری حووسییه‌كانی یه‌مه‌نیان كردبێت.
فه‌ده‌وی، گوتیشی: ئه‌گه‌ر ئێمه هاوكاری حووسییه‌كانمان كردبا، ئێستا ئه‌وان له ریازی پایته‌ختی عه‌ره‌بستان ده‌بوون.
هه‌روه‌ها گوتی: سعوودییه ده‌زانێت، ئه‌گه‌ر ئێران بگاته یه‌مه‌ن، ره‌وشه‌كه به ته‌واوی ده‌گۆڕێت.
ئاماژه‌ی دا، حووسییه‌كان گه‌مارۆ دراوون، ناتوانین وه‌ك ئه‌وه‌ی هاوكاری سووریامان كرد، هاوكاریان بكه‌ین، ئه‌گه‌ر ئێران بگه‌یشتبا به حووسییه‌كان نه‌خشه‌ی شه‌ڕ و چاره‌نووسی به ته‌واوی ده‌گۆڕا.
سه‌رچاوه: میهر
ئ.ر