پارتی و یه‌كێتی له هه‌موو شت جیاوازن
پارتی: ھەڵبژاردنی سەرۆكی ھەرێم و پرسی كەركووك دوو پرسی جیاوازن یه‌كێتیش پێچه‌وانه ده‌ڵێت
K24- هه‌ولێر:
بەرپرسانی پارتی و یەكێتی له‌سه‌ر پرسی چارەسەركردنی كێشەی كەركووك ھاوتەریب لەگەڵ پێكھێنانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بۆچوونیان جیاوازه. بە لای یەكێتییەوە ھەڵبژاردنی سەرۆكی ھەرێمی كوردستانیش لە چوارچێوەی پێكھێنانی حكوومەتە، بۆیە بە پێویستی دەزانێت لەگەڵ ئەو پرۆسەیە، پارێزگاری كه‌ركووكیش ھەڵبژێردرابایە، بەڵام بە لای پارتییەوە ئەو دوو پرسە جیاوازن، ئه‌مه‌و سەڕەرای تێبینیان لەسەر ئەو ناوانەش، كە یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك پێشنیاری كردوون.
رامان مەجید, جێگری به‌رپرسی مەڵبەندی سێی یەكێتیی نيشتمانیى كوردستان له هه‌ولێر ده‌ڵێت: "یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، دانانی سه‌رۆكی هه‌رێم، راسپاردنی سه‌رۆكی حكوومه‌ت، هه‌موویان ده‌چنه چوارچێوه‌ی یه‌ك پاكێجه‌وه".
ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات، "ئه‌گه‌ر پرۆسه‌كه هه‌نگاو به هه‌نگاو بێت، ده‌بوایه پارتی و یه‌كێتی له پرسه‌كانیش هه‌نگاو به هه‌نگاو له‌گه‌ڵ یه‌ك بان".
له به‌رامبه‌ردا رێبوار بابكه‌یی، په‌رله‌مانتاری پارتی له په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت: "خوێندنه‌وه‌ی ئێمه بۆ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی كردوومانه، ئه‌وه‌یه كه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌سته‌واژه‌كانی ناو رێككه‌وتنه‌كه ده‌كه‌ین، له‌كاتێكدا ده‌سته‌واژه‌ی "هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ پێكهێنانی حكوومه‌ت" و "هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم" دوو ده‌سته‌واژه‌ی جیاوازن".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پارتی جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، "له باره‌ی پرسی كه‌ركووك و دیاریكردنی پارێزگارێك بۆ ئه‌و شاره، ده‌مانه‌وێت یه‌كێتی وه‌ك خۆی پابه‌ندی رێككه‌وتنه‌كه بێت، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی له پاشكۆی رێككه‌وتنه‌كه‌دا ئاماژه‌ی پێ دراوه".
بەرامبەر بەشدارینەكردنی یەكێتی لە پرۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، پارتی ناوه‌ڕۆكی رێككەوتنەكەی 4 ئاداری نێوان خۆیی و یەكێتی بڵاو كردەوە، كە واژۆی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی و كۆسرەت رەسول, جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی لەسەرە، لە پاشكۆی رێككەوتنەكەشدا ھاتووە، "پارتی و یەكێتی ھاوتەریب لەگەڵ پێكھێنانی حكوومەت، كێشەی پارێزگای كەركووك چارەسەر دەكەن".
H.B