بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر 800 ژن و منداڵی چەكدارانی داعش ئازاد دەكات
ئەمڕۆ ژمارەیەك ئازاد دەكرێن
K24 - ھەولێر
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بڕیاری دا ئەمڕۆ 800 ژن و منداڵی چەكدارانی داعش، كە لە كەمپی ھۆلن، ئازاد بكات.
بە گوێرەی ئاژانسی ھەواڵی ھاواری نزیك لە پەیەدە "لە كۆبوونەوەیەكدا لە عەین عیسا و بە ئامادەبوونی ھاوسەرۆكی ئەنجومەنی سووریای دیموكرات و ھاوسەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكاری بەرێوەبەرایەتیی خۆسەر و ژمارەیەك ریش سپی و سەرۆك ھۆزەكانی عەرەب، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بڕیاری دا ئەمڕۆ 800 ژن و منداڵی چەكدارانی داعش، كە لە كەمپی ھۆلن، ئازاد بكات. وەك بڵاو كراوەتەوە، ئەو كەسانە خەڵكی رەققە و تەبقانە و بنەماڵەی چەكدارانی داعشن".
بە گوتەی عەبد حامد ئەلموبھاش، ھاوسەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكاری بەرێوەبەرایەتیی خۆسەر "ژمارەیەكی زۆری سەرۆك ھۆز داوای ئازادكردنی ژمارەیەك ژن و منداڵی چەكدارانی داعشیان كردووە، كە لە كەمپی ھۆل دەستبەسەرن، گەرەنتی تەواویشیان پێشكەش كردووە بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانەی ئەو كەسانەیان بۆ دەگوازرێنەوە.
ئاماژەی بەوەش كرد، لیستێكی 800 ناویان ئامادە كردووە، كە ئەمڕۆ یەكەم كاروانیان ئازاد دەكرێن.
ھ.م



