ئیسرائیل سوپای پاسدارانی لە سووریا کردە ئامانج

ئیسرائیل فڕۆكه‌خانه‌یه‌كی سووریای بۆردوومان كرد

K24 – هه‌ولێر:
ئیسرائیل فڕۆكەخانەی سەربازیی تیفۆری (T4) سووریای بۆردوومان کرد و روانگەی سووریاش دەڵێت، ژمارەیەك ئەندامی سوپای پاسداران بەو ھۆیەوە كوژراون.

ئاژانسی سانای فەرمیی حكوومەتی سووریا، لە سەرچاوەیەكی سەربازییەوە گواستوویەتییەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 03/06/2019، سیستمی بەرگریی مووشەكی سووریا، ھێرشێكی مووشەكیی ئیسرائیلی تێكشكاندووە، کە ئاراستەی  فڕۆكەخانەی سەربازیی تیفۆر کرابوو.

بە پێی ئامارە سەرەتاییەكان، سەربازێك كوژراوە و دووانی دیكەش بریندار بوون.

ئاماژە بەوەش كراوە، بۆردوومانەكە كۆگایەكی چەك و تەقەمەنیی كردووەتە ئامانج و زیانی ماددی بەر چەند باڵەخانەیەك كەوتووە.

لەلایەكی دیكەوە، روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاوی كردووەتەوە، ئیسرائیل ھێزی چەكداریی و كەرەستە سەربازییەكانی سەر بە سوپای پاسدارانی لە فڕۆكەخانەكە كردووەتە ئامانج و بە گوێرەی ئامارەکانی روانگە، لانی كەم پێنج كەس كوژراون، كە یەکێکیان سەربازی سووریایە، ژمارەیەك سەرباز و ئەندامی سوپای پاسدارانیش بریندار بوون، كە برینی بەشێكیان سەختە.

ئەمە دووەم بۆردوومانی ھاوشێوەیە لە ماوەی 24 كاتژمێردا كە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەكرێتە سەر خاكی سووریا.

H.J