لە جەژن خەڵك بۆ كولیچە و كەلانە روو لە بێورانی سەردەشت دەكەن

گەشتیاران پێشوازییەكی زۆر لە خواردنگە خۆماڵییەكان دەكەن

K24 - سەردەشت

لە جەژنی رەمەزاندا خەڵكی ناوچەی موكریان و باشووری كوردستانیش سەردانی ناوچەی بێورانی سەردەشت دەكەن، بێوران جگە لەوەی ناوچەیەكی خۆشی گەشتیارییە، ھاوكات خواردنگە خۆماڵییەكان وایكردووە كە گەشتیارێكی زۆر رووی تێ بكەن و رۆژانی جەژن لەوێ بەرێ بكەن.

فەرزانە، كچێكی دانیشتووی بێورانی سنووری سەردەشتی رۆژھەڵاتی كوردستانە. ئەو ھەموو رۆژێك لە كاتەكانی سەر لەبەیانی زووەوە ھەتا دەرنگانێكی ئێوارە لە یەكێك شوێنەكانی دروستكردنی سەرقاڵی دروستكردنی كولێرە و كەلانە و خواردنی كوردەوارییەكانی دیكەیە.

فەرزانە بە كوردستان24ی گوت: "لە كاتژمێر 6ی بەیانییەوە تا درەنگانی ئێوارە كولێرە و كەلانە و كولیچە دروست دەكەین. جگە لە ناوچەی سەردەشت خەڵكی لە ناوچەكانی دیكەش بۆ كڕینی خواردنە خۆماڵییەكان سەردانمان دەكەن".

ئەو ناوچەیە لە دوو گوندی بێورانی خوارو  و بێورانی سەرو پێكدێت، كە سەر بە شاری سەردەشتی رۆژھەڵاتی كوردستانە، بەڵام بێوران خۆی لەسەر سنووری باشوورو رۆژھەڵاتی كوردستان ھەڵكەوتووە، بێوران شوێنێكی گەشتیاری دڵرفێنە كە جگە لەوەی كەشوھەواو دیمەنی جوانی تێدایە، ھاوكات دیزانی گوندەكەش ھەتا رادەیەك وەكو كۆن ماوەتەوە. جگە لە سماق و ترێ و بەرھەمەكانی دیكەی كشتوكاڵی، لێرە گەشتیاران روو لە خواردنگە خۆماڵییەكان دەكەن، كە ژنان و كچانی گوندەكە كاری تێدا دەكەن و كۆنی و رەسەنایەتیان لێ دەبارێ.

لە جەژی رەمەزاندا جگە لە خەڵكی سەردەشت و موكریان بەگشتی، لەدیوی باشووری كوردستانیش خەڵكێكی زۆر سەردانی بێوران دەكەن، چونكە تێكەڵاوییەكی خێزانی لەنێوان ئەم دیوو ئەو دیوی كوردستان ھەیە و گەشتیاران لەو جەژنەدا لە بێوران ھەم كەشوھەوایەكی پاكیان ھەیە، ھەمیش خواردنێكی بێ وێنە.

ھ.م

Fly Erbil Advertisment