دوای 6 مانگ دیداری نێوان ئۆجەلان و بنەماڵەكەی رێكدەخرێت

محەمەد ئۆجەلان سەردانی دوورگەی ئیمرالی دەكات

K24 - ھەولێر

دوای شەش مانگ، عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، دیدار لەگەڵ بنەماڵەكەی ئەنجامدەدات.

بەگوێرەی ئاژانسی ھەواڵی مۆزۆپۆتامیای "سەر لە بەیانی ئەمڕۆ محەمەد ئۆجەلان، برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەرەو دوورگەی ئیمرالی بەڕێكەوتووە، ھەروەھا كەسوكاری سێ زیندانیی دیكەی دوورگەی ئیمرالی یاوەری محەمەد ئۆجەلان دەكەن. حكوومەتی توركیا رێگەی داوە بەبۆنەی جەژن دیدار لەگەڵ كەسوكاریان ئەنجامبدەن".

موسا فارس ئۆغڵو، پەرلەمانتاری تورکیا لەسەر فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دیداری نێوان عەبدوڵڵا ئۆجەلان و محەمەد ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمرالی پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت "دەبێ دیدارەکانی ئۆجەلان لەگەڵ ماڵبات و پارێزەرەکانی بەردەوام بێت".

شەش مانگ لەمەوبەریش محەمەد ئۆجەلان، دیداری لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەستبوو، بەڵام ناوەڕۆكی دیدارەكەیان بڵاونەكرایەوە.

دوای ھەشت ساڵ قەدەخەی دیداری ئۆجەلان و پارێزەرانی، له‌ 2/5/2019 ھەڵگیرا و چەند جارێك پارێزەران چاویان بە ئۆجەلان كەوتووە، دواتریش پەیامی ئۆجەلان بڵاو كرایەوە، كە جەختی لە چارەسەری كێشەكان بە رێگەی ئاشتی كردەوە.

ھ.م