هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێى حكوومه‌ت ده‌ستپێده‌كه‌ن

كه‌مال كه‌ركووكی: مه‌سرور بارزانی ده‌توانێت به‌ كه‌متر له‌ ماوه‌ی دیاریكراو كابینه‌كه‌ی پێكبهێنێت

K24- هه‌ولێر:

هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ ده‌ستپێده‌كات و له‌ قۆناخی داهاتوودا رێككه‌وتنی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان جێبه‌جێ ده‌كرێن, كه‌ بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت واژۆیان له‌سه‌ر كراوه‌.

له‌ كاتێكدا بڕیاره‌ له‌ ماوەی ٣٠ رۆژ مەسرور بارزانی، کابینەکەی بۆ سوێند خواردن ئامادە بکات، کارنامەی کابینەکەی ئامادەکراوە و ماوەتەوە لایەنه‌ پێکھێنەرەکانی حکوومەت، گفتوگۆی لەسەر بکەن، کەمال کەرکوکی, ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت: قۆناخی داھاتووی پێکھێنانی حکوومەت تەواوکردنی رێکەوتنە سیاسیەکانە, کە لە رابردوو لەگەڵ ئەو لایەنانە کراوە کە بەشداری لە حکوومەتی داھاتوو دەكەن،  ئەو ئەرکەش راستەوخۆ لە لایەن کاندیدی راسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکوومەت مەسروور بارزانی دەبێت.

کەرکوکی جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، به‌ کەمتر لە ماوەی دياريكراو مەسروور بارزانی دەتوانێت کابینەکەی پێکبھێنێت، وەك چۆن لە کارەکانی پێشووی سەرکەوتوو بووە، لە سەرۆکایەتی حکوومەتیش سەرکەوتوو دەبێت.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان، كه‌ بڕیاره‌ وه‌ك دووه‌م قه‌واره‌ به‌شداری له‌ پێكهێنانی حكوومه‌تدا بكات، دان بەوەدا دەنێت, پێکھێنانی کابینەی نوێ دواکەوتووە، کە لای ھاووڵاتیان پێشبینی نەکراو بوو.

له‌مباره‌شه‌وه‌ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەخوازێت، بەرنامەی کابینەی نوێ گرنگی زیاتر به‌ خزمەتکردنی ھاوڵاتیان بدات و لە ئاست ئەو ئومێدە بێت, کە خەڵك بۆ کابینەکە ھەیەتی.

جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، پێویسته‌ سەرۆکی حکوومەت ببێتە ئەندازیاری تەبایی نێو لایەنە سیاسیەکان لە ناوەوه‌ و دەرەوە و لە بەھێزکردن و پاراستنی ئاسایشی کوردستانیش بەردەوام بێت.

پێش راگەیاندنی کابینەکەی، مەسروور بارزانی، راسپێردراو بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم، سەردانی لایەنە پێکھێنەرەکانی حکوومەت دەکات، گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی کابینەکەی لەگەڵ ئەو لایەنانە دەکات، پێویستە لایەنەکانیش لەو ماوەیەدا سیڤی کاندیدەکانیان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستانەی بەرکەوتەی حیزبەکانیانە لە کابینەی نۆیەم، رادەستی سەرۆکی داھاتووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن.

H.B