ئێران باڵیۆزی به‌ریتانیا له تاران بانگهێشت ده‌كات
تاران: لێدوانه‌كانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا پێچه‌وانه‌ی راستییه‌كانه
K24- هه‌ولێر:
دوای ئه‌وه‌ی له‌نده‌ن تارانی به‌وه تۆمه‌تبار كرد، كه ده‌ستی له پشت رووداوه‌كه‌ی به ئامانجكردنی دوو كه‌شتییه نه‌وتییه‌كه‌ی كه‌نداوی عوماندا هه‌یه، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران روب ماكاری، باڵیۆزی به‌ریتانیای بانگهێشت كرد.
به‌گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵده‌ری "ئێرنا"ی فه‌رمی ئێرانی، تاران باڵیۆزی به‌ریتانیای بانگهێشت كردووه، بۆئه‌وه‌ی روونكردنه‌وه له‌سه‌ر قسه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی بدات، كه په‌نجه‌ی تۆمه‌تی هێرشه‌كانی سه‌ر دوو كه‌شتییه نه‌وتهه‌ڵگره‌كه‌ی دوێنێنی كه‌نداوی عومانی بۆ كۆماری ئیسلامی درێژ كردبوو.
وه‌ك ئه‌و ئاژانسه بڵاویكرده‌وه، به‌رپرسێك له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران كه ئاماژه به ناوی نه‌كراوه، ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ره‌تكرده‌وه و گوتی، ئه‌و جۆره لێدوانانه پێچه‌وانه‌ی راستییه‌كانه و پشت به هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نابه‌ستن و ناڕه‌زایی وڵاته‌كه‌ی له‌مباره‌یه‌وه نیشاندا.
ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه هاتووه، شه‌وی رابردوو جێرمی هانت، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا ئێرانی به‌وه تۆمه‌تبار كردبوو، كه ده‌ستی له پشت هێرشی سه‌ر دوو كه‌شتییه نه‌وتهه‌ڵگره‌كه‌ی كه‌نداوی عومان هه‌یه و رایگه‌یاندبوو، "من دڵنیام كه لقێكی هێزه چه‌كداره‌كانی ئێران هێرشی سه‌ر دوو كه‌شتییه‌كه‌ی كردووه".
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا له به‌یاننامه‌یه‌كدا داواشی له ئێران كردبوو، "ده‌ستبه‌جێ ده‌ست له چالاكییه‌كانی هێنانه‌وه‌ی پشێوی هه‌ڵگرێت".
به‌ره‌به‌یانی رۆژی 13ی ئه‌م مانگه لایه‌نێكی نادیار له كه‌نداوی عومان هێرشی سه‌ر دوو كه‌شتی نهوتههڵگركرد، به‌و هۆیه‌وه ئاگر له هه‌ردوو كه‌شتییه‌كه به‌ربوو، دواتریش ئێران رایگه‌یاند، تیمی ده‌ریاوانی هه‌ردوو كه‌شتییه‌كانیان رزگار كردووه، كه له 44 كه‌س پێكهاتبوون و گواستبوویانه‌وه بۆ به‌نده‌ری جاسك له باشووری ئه‌و وڵاته.
هه‌رچی ئه‌مه‌ریكاشه، په‌نجه‌ی تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی ئه‌و هێرشانه‌ی بۆ كۆماری ئیسلامی درێژكرد و دواتر هه‌ریه‌ك له سعوودیه و به‌ریتانیاش هه‌مان تۆمه‌تیان دایه پاڵ ئێران، به‌ڵام تاران ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ره‌تكرده‌وه.
H.B