میلیشیاکانی ئێران لە عێراق بە کاتێکی دژواردا تێپەڕدەبن
بەرداشی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، چارەنووسی گروپە چەکدارەکانی عێراقی نا دیار کردووە
K24 – ههولێر:
لەگەڵ زیادبوونی فشارە ئابورییەکانی سەر ئێران، میلیشیا عێراقییەکان کە ئێران پاڵپشتیان دەکات، بە هەلومەرجێکی دژواردا تێدەپەڕن.
لە 12ی ئەم مانگە – حوزەیران، نووسینگەی گەنجینەی ئەمەریکا سزای دارایی خستە سەر چەند کۆمپانیایەک لە عێراق کە لە پشت کۆکردنەوەی هاوکاری دارایی بوون بۆ سوپای پاسداران و قودسی ئێرانی، یەکێک لەوان، کۆمپانیای مەنابع سەروات ئەلجنووب بۆ بازرگانی گشتی بوو.
ئەم کۆمپانیایە لە لایەن مەکی کازم ئەلئەسەدی و محەمەد حوسەین ئەلحەسەنی بەڕێوەدەبرێت کە هەردووکیان لە لایەن ئەمەریکاوە سزایان خراوەتە سەر. ئەمەریکا ئەم دوو کەسە و ئەبو مەهدی موهەندیسی بۆ خاوەندارێتی و مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیاکە سزاداوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی گەنجینەی ئەمەریکا، کۆمپانیاکە و ئەوانەی هاوکاری بوون، بازرگانی چەکیان بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار لەگەڵ میلیشیاکانی ئێران لە عێراق کردووە. ئەوەش ئاشکرا کراوە، ئەو سێ کەسایەتییە، یارمەتی سوپای پاسدارانیان داوە، دەستیان بە سیستمی دارایی عێراق بگات تاکو سزاکانی ئەمەریکا کاریگەرییان لەسەر دروست نەکات.
ستیڤن منوچین، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، لە راگەیندراوێکدا دەڵێت: "گەنجینەی ئەمەریکا رێگای پێویست بۆ داخستنی تۆڕەکانی بەقاچاخبردنی چەک لە عێراق دەگرێتە بەر کە بۆ پڕ چەکردنی میلیشیاکانی سەر بە سوپای پاسداران و دەوڵەمەندکردنی چەند کەسێکی رژێمی ئێران بەکارهاتوون".
بەگوێرەی راپۆرتێکی سایتی ئەلمۆنیتەر، موعین ئەلکازمی، سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی لەو بارەیەوە رایگەیاندووە، ئەمەریکا دەیەوێت پەیوەندی نێوان عێراق و ئێران تێکبدات بۆیە کۆمپانیا عێراقییەکان دەخاتە لیستی تیرۆرەوە.
سەرکردەکانی حەشدی شەعبی، بە فالح فەیازەوە، دژی هەموو ئەو هەوڵانە وەستاونەتەوە کە دژی مانەوەی حەشدی شەعبی بوون لە عێراق، ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی دواکەوتنی یەکلا کردنەوەی چەند پۆستێکی گرنگی وەک وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی عێراق.
ئێستا لە عێراق، 13ی حوزەیران، رۆژی دامەزراندنی حەشدی شەعبییە و لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە کراوەتە پشووی فەرمی.
ئەبو مەهدی ئەلموهەندیس نامەیەکی ئاراستەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە جەنەف، کردووە و تیایدا سوپاسی سیستانی بۆ هاوکاری عێراق لە جەنگی دژ بە داعش کردوو و نووسیویەتی: "جەنگمان کرد و خوێنمان رشت، بە شەو و بە ڕۆژ قوربانیماندا، تاکو عێراق بە یەکگرتوویی بهێڵینەوە".
ئاماژەی بەوەشداوە، حەشدی شەعبی پشتگیری لە حکوومەتێک دەکات لە عێراق کە پشتگیری لە بەرژەوەندی خەڵک بکات و هیچ نیگەرانییەکیش لەسەر داهاتووی حەشدی شەعبی نییە لە عێراق، هەر کردەوەیەک دژی حەشدیش، شکستی پێ دەهێنرێت.
تەنانەت هاوپەیمانی فەتح لە پەرلەمانی عێراق، پڕۆژە یاسایەکی ئامادەکردووە، سەرۆک وەزیران لەناو خەڵکدا هەڵبژێردرێت نەک پەرلەمان.
کەوتنەخۆی حەشدی شەعبی لەم دوایە، وەک ئەوەی لە راپۆرتێکی ئەلمۆنیتەر هاتووە، دۆخی خراپی ئەو رێکخراوە نیشان دەدات.
لە ئێستادا، ئەمەریکا تەنها هێز نییە کە دەیەوێت سنوورێک بۆ حەشدی شەعبی دابنێت، بەڵکو حەیدەر عەبادی و موقتەدا سەدریش هەمان هەڵوێستی ئەمەریکایان هەیە.
ئەمەریکا سوورە لەسەر ئەوەی سنوورێک بۆ چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابنێت، ئەمەش یەکێکە لە ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات، چارەنووسی گروپەکانی سەر بە ئێرانیش لە عێراق، وابەستەی پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و ئێرانە لە داهاتوو.
H.J