دەمیرتاش پاڵپشتی بۆ کاندیدی جەهەپە لە ئیستانبوڵ راگەیاند
ئەمڕۆ دادگایی دەکرێت
K24 – ههولێر:
سەڵاحەدین دەمیرتاش داوا لە دەنگدەرانی کورد دەکات دەنگ بە کاندیدی جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستانبوڵ بدەن.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە داوا لە کوردانی ئیستانبوڵ دەکات دەنگ بە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، کاندیدی جەهەپە بدەن.
دەمیرتاش لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئاماژەی بەوەکردووە کە بڕیاری ئەو بۆ دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستانبوڵ هاوشێوەی پارتەکەی ،هەدەپەیە، و پێویستە کوردانی ئەو شارە دەنگ بە کاندیدی جەهەپە بدەن.
رۆژی یەکشەممە هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستانبوڵ دووبارە دەکرێتەوە و جارێکی دیکە ئەکەپە و جەهەپە لەسەر بەدەستهێنانی سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ دەچنە رکابەرییەوە.
لە لایەکی دیکەوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە ئەنقەرە، ئەمڕۆ دادگاییکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش بەتۆمەتی هاوکاریکردنی تیرۆر لە ناوچەی سینجانی ئەنقەرە دەستپێبکات و بۆ ماوەی دوو رۆژیش بەردەوام بێت.
H.J