عادل عه‌بدولمه‌هدی: رێگه ناده‌ین هیچ هێزێكی بیانی له عێراقه‌وه هه‌ڕه‌شه له دراوسێكان بكات
ره‌تیكرده‌وه رێگه به بوونی هێزی بیانی له‌سه‌ر خاكی عێراق بدات
K24 – هه‌ولێر:
فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق، عادل عه‌بدولمه‌هدی له به‌یاننامه‌یه‌كدا، ره‌تیكرده‌وه رێگه به بوونی هێزی بیانی له‌سه‌ر خاكی عێراق بدات.
له به‌یاننامه‌كه‌دا، كه وێنه‌یه‌كی ده‌ست كوردستان24 گه‌یشتووه، هاتووه: وڵات به ره‌وشێكی ئاڵۆز له شه‌ڕی ناوخۆیی و ده‌ره‌كییدا تێپه‌ڕیوه، له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سوپاوه تا سه‌پاندنی داگیركاری به‌سه‌ر عێراقدا و بوونی هێزی بیانی، ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌ره‌كی، درووستكردنی میلیشیای چه‌كدار، به‌كارهێنانی خاكی عێراق بۆ كرده‌ی چه‌كداری له دژی ئامانج و وڵات و هێزی دیكه له ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق. هه‌روه‌ها عێراق به ده‌ست كرده‌ی وێرانكاریی و تیرۆریستییه‌وه ده‌ناڵێنێ، به تایبه‌تی تیرۆری رێكخراوه‌كانی قاعیده و داعش و داگیركردنی به‌شێكی خاكه‌كه‌ی كه دواتر به تێكۆشانی سوپا، حه‌شدی شه‌عبی، پێشمه‌رگه و حه‌شدی عه‌شائیری توانا سه‌ركه‌وتنی گه‌وره به‌سه‌ر تیرۆر به‌ده‌ستهات.
له به‌یاننامه‌كه‌دا، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق راشیگه‌یاندووه، رێگه ناده‌ن هیچ هێزێكی بیانی كار یان جوڵه له‌سه‌ر خاكی عێراق به بێ رێگه‌پێدان و رێككه‌وتن و كۆنترۆڵی حكومه‌تی عێراق ئه‌نجام بدات.
هه‌روه‌ها هاتووه: رێگه ناده‌ین هیچ وڵاتێكی هه‌رێمایه‌تی یان وڵاتانی دیكه له‌سه‌ر خاكی عێراق بوونیان هه‌بێت یان كرده دژی هه‌ر لایه‌نێك بكه‌ن، جا چ وڵاتانی بیانی بێت یان وڵاتانی دراوسێ بێت.
له به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كان ره‌تیكردووه‌ته‌وه رێگه بدرێت هیچ هێزێكی عێراقی یان نا عێراقی له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كان كار بكات.