فەرماندەیەکی پێشووی دژە تیرۆری عێراق کاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی ناوخۆ

فەیاز و ئەسەدی نزیکن لە وەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ

K24 – هه‌ولێر:

هاوپەیمانێتی نەسر ئاشکرای دەکات، ئەگەری زۆر هەیە، عەبدولغەنی ئەسەدی ببێتە وەزیری ناوخۆی عێراق.

فەلاح خەفاجی، گوتەبێژی هاوپەیمانێتی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی رایگەیاند، وەکو هاوپەیمانێتییەکە هیچ کێشەیەکیان لە کاندیدکردنی فالح فەیاز بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆی عێراق نییە.

گوتیشی، لە ئەگەری کاندیدکردنیدا، ئامادەن دەنگ بە فەیاز بدەن.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەری زۆر هەیە، عەبدولغەنی ئەسەدی، فەرماندە لە دژەتیرۆری عێراق ببێتە وەزیری ناوخۆ.

بڕیاربوو لە کۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمان پرسی وەزارەتە متمانەپێنەدراوەکانی حکومەت یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان کۆبوونەوەکە شکستیهێنا.

ئەگەر پەرلەمان لە هەوڵەکانی بۆ دەستنیشانکردنی وەزیرەکانی ناوخۆ، بەرگری، داد و پەروەردە شکستبهێنێت، ئەو عادل عەبدولمەهدی سەرپشک دەکرێت کە کەسێک بۆ ئەو پۆستانە دەستنیشان بکات.

‌H.J