ئیمامئۆغڵو فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی ئیستانبوڵی له ئاكپارتی سه‌نده‌وه
ئه‌ردۆغان ئاستی راسته‌قینه‌ی جه‌ماوه‌رێتی خۆی تاقیكرده‌وه
K24 - هه‌ولێر:
بینالی یڵدرم، كاندیدی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی ئیستانبوڵ كه گه‌وره‌ترین شاری توركیایه شكستیهێنا، ئه‌وه‌ش له‌وانه‌یه ئاماژه‌یه‌ك بێت بۆ دابه‌زینی ئاستی جه‌ماوه‌ریی ئاكپارتی و شكستی سیاسی ئه‌ردۆغان.
نه‌یارانی ئه‌ردۆغان ده‌ڵێن: "شكستی له‌و جۆره واتای ئه‌وه‌یه ئه‌ستێره‌ی به‌ختی ئه‌ردۆغان به‌ره‌و دیار نه‌مان ده‌چێت و ده‌بێته سه‌ره‌تای كۆتایی فه‌رمانڕه‌وایه‌تییه‌كه‌ی كه زیاتر له 15 ساڵه به‌رده‌وامیی هه‌یه".
له كاتێكدا به‌هۆی سیستمی نوێی سه‌رۆكایه‌تیی، سه‌رۆكی توركیا ده‌سه‌ڵاتی زۆر و ره‌های كه‌وتووه‌ته ده‌ست و سه‌رجه‌م پایه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی كۆنترۆڵ كردووه، به‌ڵام هێشتا ده‌یه‌وێت بڵێت ده‌روازه‌یه‌ك بۆ دیموكراسییه‌ت ماوه‌ته‌وه و له رێگه‌ی سندووقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه ده‌یه‌وێت ره‌وایه‌تی له هاووڵاتیانه‌وه وه‌ربگیرێت.
به‌ڵام ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنی رۆژی 23/6/2019ـی ئیستانبوڵ، ئاستی جه‌ماوه‌رێتی ئه‌ردۆغانی له‌و شاره ده‌رخست، ئه‌و شاره‌ی به‌هۆی خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه هێزێكی زۆری به ئه‌ردۆغان به‌خشی، به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ئاوه‌دانی به‌و فراوانییه وه‌ستاوه و ئابوورییشی به‌ره‌و لاوازیی چووه و پاشه‌كشه‌ی كردووه.
ده‌ره‌نجامه سه‌ره‌تاییه‌كان ده‌ریانخستووه، دانیشتوانی گه‌ڕه‌كی "ئۆسكۆدار" كه ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌و گه‌ڕه‌كه نیشته‌جێ بووه، دژی كاندیده‌كه‌ی سه‌رۆك كۆمار ده‌نگیانداوه و زۆرینه‌یان ئه‌كره‌م ئیمامئۆغڵویان هه‌ڵبژاردووه. پاش ئه‌وه‌ی رێژه‌ی 99% ده‌نگه‌كانیش جیاكرانه‌وه، ده‌ركه‌وت كاندیده‌كه‌ی جه‌هه‌په 54.1% ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێناوه و بینالی یڵدرم 44.8% ده‌نگه‌كانی هه‌بووه.
پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی توركیا له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی مانگی ئاداری رابردوو ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی به دڵ نه‌بوو و رایگه‌یاند، ده‌ره‌نجامه‌كان ده‌ستكارییان كراوه، مانگی ئایار ده‌ره‌نجامه‌كه هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه و له‌و كاته‌وه له هه‌وڵدا بوو ده‌نگی ده‌نگده‌رانی ئیستانبوڵ بۆ خۆی رابكێشێت له‌كاتی دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا، به‌ڵا ده‌ره‌نجامی دووه‌م له یه‌كه‌م شكستی زیاتری بۆ ئاكپارتی به دواوه بوو، فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی 25 ساڵه‌ی حزبه‌كه‌ی له ئیستانبوڵ كۆتاییپێهێنا.
دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له ئیستانبووڵ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی راسته‌قینه‌ی ئاستی جه‌ماوه‌رێتیی ئه‌ردۆغان بوو، به‌تایبه‌تی خۆی خاوه‌نی ئه‌و قسه‌یه كه ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ی ئیستانبوڵی ده‌ستكه‌وێ توركیای ده‌ستده‌كه‌وێ".