به‌رازیل به‌رامبه‌ر پاراگوای ترسی له‌ 2 به‌ربه‌ست هه‌یه‌

به‌رازیل له‌ یارییه‌كی چاره‌نووسساز به‌ره‌نگاری پاراگوای ده‌بێته‌وه‌

بڕازیل لە یەکەم یاری قۆناخی چارەگی کۆتایی کۆپا ئەمریکای 2019، روبەرووی پاراگوای دەبێتەوە، هەرچەندە پاراگواییەکان لە قۆناخی کۆمەڵەکان تەنها بە دوو خاڵ بلیتی ئەم قۆناخەیان مسۆگەر کردووە، بەڵام بە ئاوڕدانەوە لە مێژوو دەردەکەوێت ئەوان به‌ختێكی باشیان بەرامبەر سیلیساو هەیە و بەو هیوایەن ئەمجارەشیان بە بردنەوە یاریگە جێبێڵن.

دوای گەیشتنیان بە قۆناخی چارەگی کۆتایی کۆپا ئەمریکای 2019، یاریزانانی هەڵبژاردەی بڕازیل دوایین ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەم قۆناخە ئەنجامدا.

بڕازیل لە قۆناخی چارەگی کۆتایی کۆپا ئەمریکا رووبەرووی پاراگوای دەبێتەوە، میواندارەکەی 46ـه‌مین وەشانی دێرینترین پاڵەوانیەتی تۆپی پێ جیهان دوایینجار لە ساڵی 2015 گەیشتنە قۆناخی چارەگی کۆتایی، بەڵام لەسەر دەستی پاراگوای تووشی دۆران بوون ماڵئاواییان کرد.

بۆ ئەم یارییە تیتێ راهێنەر دوو گرفتی لە پێشە، یەکەمیان یاری نەکردنی کاسێمیرۆی بڕبرەی هەڵبژاردەکەی کە بە هۆی کەڵەکە بوونی کارتە زەردەکانی یاری ناکات، ئەوەی دووەم چیمەنی یاریگەی گریمیۆیە کە لە ماوەی رابردوو رەخنەیەکی زۆر لەم یاریگەیە گیراوە.

دوایین بردنەوەی سامبا بەرامبەر پاراگوای لە کۆپا ئەمریکا، دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 2001، دواتر هەردوو هەڵبژاردە 14 جاری دیکە یارییان لەگەڵ کردووە و برازیلیەکان هەرگیز بردنەوەیان بەدەست نەهێناوە.

بڕازیلیەکان لە مێژوودا چوار جار میوانداریی کۆپا ئەمریکایان کردووە و هەر چوار جارەکەش نازناوەکەیان بەدەست هێناوە، بۆیە هاندەرانی ئەم هەڵبژاردەیە بەو هیوایەن لە پێنجەم میوانداری بتوانن جارێکی دیکە نازناوەکە بەدەست بێنن.

لەلایەکی دیکەوە هەڵبژاردەی پاراگوای سەرەرای ئەوەی لە قۆناخی یەکەم نەیانتوانیوە ئەنجامی باش بەدەست بێنن، بەڵام هاندەرانی ئەم هەڵبژاردەیە بەو هیوایەن هەڵبژاردەکەیان وەکو رابردوو بتوانن بڕازیلیەکان تووشی دۆڕان بکەن.

پاراگوای لە قۆناخی کۆمەڵەکان تەنها دوو خاڵی بەدەست هێنا، بەڵام وەکو یەکێک لە باشترین دوو سێیەمەکان گەیشتنیان بە قۆناخی چارەگی کۆتایی مسۆگەر کرد، ئەم هەڵبژاردەیە لە یاری یەکەم و دووەم بەرامبەر قەتەر و ئارجێنتینا یەکسانبوون و هەر بەم دوو یەکسانبونەش گەیشتنە ئەم قۆناخە.