ئێران داواكارییه‌كی ئه‌مه‌ریكا پاش خستنه خواره‌وه‌ی فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كه‌ی ئاشكرا ده‌كات
عه‌مید ره‌زا جه‌لالی: ئه‌مه‌ریكا شه‌ڕ هه‌ڵگیرسێنێ ئێمه بڕیار له كۆتاییه‌كه‌ی ده‌ده‌ین
K24 - هه‌ولێر:
عه‌مید ره‌زا جه‌لالی، سه‌رۆكی رێكخراوی به‌رگریی شارستانیی له سوپای پاسدارانی ئێران، ده‌ڵێت: "واشنتن پاش خستنه خواره‌وه‌ی فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كه‌یان له ئاسمانی گه‌رووی هورمز په‌یامیان بۆ تاران ناردووه كه به چه‌ند گورزێكی دیاریكراو و بۆ هێشتنه‌وه‌ی شكۆی خۆیان هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر چه‌ند بنكه‌یه‌كی ئێران".
جه‌لالی گوتوویه‌تی: "ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له رێگای چه‌ند كه‌ناڵێكی دیپلۆماسییه‌وه (بێ ئه‌وه‌ی ناویان بهێنێت) نامه‌ی بۆ تاران ناردووه و گوتوویه‌تی به چه‌ند گورزێكی سنووردار و له ناوچه‌یه‌كدا كه جێگای بایه‌خی زۆر نه‌بێت تۆڵه‌ی خستنه خواره‌وه‌ی فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه و داوای له ئێران كردووه له كاتی وه‌شاندنی گورزهكهدا هیچ وه‌ڵامێك نه‌داته‌وه و به‌وه‌نده كۆتایی بێت".
سه‌رۆكی رێكخراوی به‌رگریی شارستانیی له سوپای پاسدارانی ئێران ته‌ئكیدی كردووه‌ته‌وه كه "ئێران له وه‌ڵامدا ئه‌مه‌ریكای ئاگادار كردووه‌ته‌وه و گوتوویه‌تی، هه‌ر گورزێك به‌ر پێگه‌كانی وڵاته‌كه بكه‌وێت، به ده‌ستپێكردنی جه‌نگ هه‌ژماری ده‌كه‌ین، ئاگادارمان كردوون كه ئه‌وه ئێمه مه‌یدانی جه‌نگ دیاریی ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر ئێوه جه‌نگ هه‌ڵگیرسێنن، له به‌رامبه‌ردا ئێمه‌ین كۆتاییه‌كه‌ی دیاریی ده‌كه‌ین".