ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەسەر تۆمەتبارکردنی هێزە ئەمنییەکان راگەیەندراوێک بڵاو دەکاتەوە

کوردستانێکی ئازاد پێویستی بە ئازادکردن نییە و پێویستە هەموو لایەک رێز لە دامەزراوەکانی شەرعییەکانی بگرن

K24 – هه‌ولێر:

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، تۆمەتی چەند میدیایەکی سەر بە پەکەکە و ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لەبارەی تێوەگلانی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لە کوژرانی سەرکردەیەکی پەکەکە رەت دەکاتەوە و بە چەواشەکاریی و ناڕاست ناویان دەبات.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەگەڵ رەتکردنەوەی تۆمەتەکان لە راگەیندراوێکدا دەڵێت: "بوونی پەکەکە بەم شێوازەی ئێستایان لە هەندێ ناوچەی هەرێمی کوردستان، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ڕاکێشانی شەڕ و نائارامیی بۆ ناو هەرێم. چەندین ساڵیشه‌ رێگرن لە ئاوەدانکردنەوەی زیاتر لە هەشت سەد گوند و ئاوایی هەرێمی کوردستان".

ئاماژەی بەوەش داوە، چەند میدیایەکی ناوخۆیی، هەواڵەکە بۆ مەرامی سیاسی و چەواشەکاریی بەکاردەهێنن.

دەقی راگەیندراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایش:

لە چەند رۆژی ڕابردوودا، هەندێ میدیای نزیک لە پەکەکە، تۆمەتێکی ناڕەوایان خستۆتە پاڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، کە گوایە لە کوشتنی سەرکردەیەکیان تێوەگڵاون، بەداخەوە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندنی نێوخۆییش بۆ سوودی سیاسی پەرەیان بەم تۆمەتە بێبنەمایە داوە.

ئێمە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، سەرلەبەری ئەم تۆمەتە ڕەتدەکەینەوە. وێڕای ئەمەش ئەم هەوڵە میدیاییە چەواشەکارانە ناتوانن ئەو ڕاستییە بشارنەوە، کە بوونی پەکەکە بەم شێوازەی ئێستایان لە هەندێ ناوچەی هەرێمی کوردستان هۆکارێکی سەرەکییە، بۆ ڕاکێشانی شەڕ و نائارامی بۆ ناو هەرێم. چەندین ساڵەش رێگرن لە ئاوەدانکردنەوەی زیاتر لە هەشت سەد گوند و ئاوایی هەرێمی کوردستان. بەداخەوە بەم دواییانەش چەکدارانی پەکەکە خۆیان خستۆتە پەنای گوند و ئاواییەکانمان و بەم هۆیەشەوە هاوڵاتیانی سڤیلمان بوونەتە قوربانیی پێکدادانی نێوان ‌پەکەکە و تورکیا.

لێرەدا جارێکی دیکەش دووپاتی دەکەینەوە کە کۆی سیستەمی ئیداریی هەرێم کە بەرپرسیارە لە پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیانی، دژی ئەم سیاسەتەی پەکەکەیە و خوازیارین کێشەکەیان بگوازنەوە بۆ گۆڕەپانی ڕاستەقینەی خۆیان و ئەو ڕاستییە دەخەینەوە ڕوو کە کوردستانێکی ئازاد پێویستیی بە ئازادکردن نیە.

دەبێت هەموولایەک ڕێز لە سەروەریی هەرێم و دامەزراوە شەرعییەکانی بگرن و ڕەچاوی بەرژەوەندیی هاوڵاتیانی هەرێم بکەن. هاوکات خوازیارین هەموو هێزەکانی ناوچەکە ڕێگەی ئاشتیانە و گفتوگۆ بگرنەبەر و کۆتایی بە خوێنڕشتن بهێنرێت.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان