له هه‌ولێر دوو تۆمه‌تباری رفاندنی جانتای ئافرەتان دەستگیر کران
بڕێکی زۆر پارە و 4 مۆبایل و 6 تاک بازنیان له جانتای ئافره‌تان بردووه
K24 – هه‌ولێر:
پۆلیسی هه‌ولێر رایگه‌یاند، هێزه‌كانیان له شاره‌دێی عه‌نكاوه، دوو كه‌سیان به تۆمه‌تی دزین و رفاندنی جانتای ئافره‌تان ده‌ستگیركردووه.
رائید باساک فرج رحیم، بەرپرسی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی عەنکاوە بە هەولێر پۆلیسی راگەیاند، دوای ئه‌وه‌ی ئاگادار كراینه‌وه بە بوونی حاڵه‌تی رفاندن و دزینی جانتای ئافره‌تان، په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه بۆ رووداوه‌كان كرایه‌وه.
گوتیشی: دوای کۆکردنەوەی زانیاری و لێکۆڵینەوەیەکی ورد توانیمان ناسنامەی تۆمەتباران ئاشکرا بکەین و دەستگیریان بکەین.
روونیشیكرده‌وه، تۆمەتباران بە ناوی (م.هـ.م)، تەمەن (16) ساڵ، (ح.ر.د.)، تەمەن(24) ساڵ، دوای دەستگیر کردنیان دانیاننا بە تاوانەکەیان و ئاشكرایان كرد، كه بڕێکی زۆر پارە و 4 مۆبایل و 6 تاک بازنیان له جانتای ئافره‌تان بردووه.
ئاماژه‌شی دا، هه‌ردوو تۆمه‌تباره‌كه، به گوێره‌ی حوكمه‌كانی مادده‌ی 446 له یاسای سزادانی عێراقی ژماره 111ی ساڵی 1969 رووبه‌ڕووی دادگا ده‌كرێنه‌وه.