پهیامی پیرۆزبایی لێپرسراوی گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بۆ مهسرور بارزانی
"هیواخوازین هەرێمی کوردستان بەرەو کەناری ئارامی، ئاشتی و ئاوەدانی راکێشن"
K24 - ههولێر:
لێپرسراوی گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە دووتوێی پەیامێکدا پیرۆزبایی حزبی دیموکراتی گەیاندە مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی تازەهەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستانی عێراق.
دەقی پەیامەکە:
زۆر بەڕێز/ جەنابی کاک مەسرور بارزانی
سڵاوێکی دۆستانە،
لە لایەن خۆم و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، پیرۆزبایی گەرمتان پێشکەش دەکەم، بە بۆنەی هەڵبژاردنتان لە پهرلهمانی هەرێمی کوردستان وەک سەرۆک وەزیرانی ئەو هەرێمە.
بێگومان لەم قۆناغەدا کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ زۆر کێشە و کەموکووڕیی ناوخۆیی و دەرەکی بەرەوڕوویە و چاوەڕوانیی خەڵکیش لە کابینەی نوێی حکوومەت بە سەرۆکایەتیی بەڕێزتان لە ئاستێکی بەرزدایە، بەرپرسیاریەتییەکی زۆر گەورەتان کەوتووەتە سەرشان.
هیوادارین بە هەستکردن بەو بەرپرسایەتییە و لە هەمان کاتدا، کەڵک وەرگرتنی بەجێ لە هەموو دەرفەتەکان، بەسەر کۆسپەکاندا زاڵ بن و هەرێمی کوردستان بەرەو کەناری ئارامی، ئاشتی و ئاوەدانی راکێشن.
لەگەڵ رێزی دووبارە
حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
لێپرسراوی گشتی
مستەفا هیجری