په‌یامی پیرۆزبایی لێپرسراوی گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بۆ مه‌سرور بارزانی

"هیواخوازین هەرێمی کوردستان بەرەو کەناری ئارامی، ئاشتی و ئاوەدانی راکێشن"

K24 - هه‌ولێر:

لێپرسراوی گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە دووتوێی  پەیامێکدا پیرۆزبایی حزبی دیموکراتی گەیاندە مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی تازەهەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستانی عێراق.

دەقی پەیامەکە:

زۆر بەڕێز/ جەنابی کاک مەسرور بارزانی

سڵاوێکی دۆستانە،

لە لایەن خۆم و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، پیرۆزبایی گەرمتان پێشکەش دەکەم، بە بۆنەی هەڵبژاردنتان لە په‌رله‌مانی هەرێمی کوردستان وەک سەرۆک وەزیرانی ئەو هەرێمە.

بێگومان لەم قۆناغەدا کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ زۆر کێشە و کەموکووڕیی ناوخۆیی و دەرەکی بەرەوڕوویە و چاوەڕوانیی خەڵکیش لە کابینەی نوێی حکوومەت بە سەرۆکایەتیی بەڕێزتان لە ئاستێکی بەرزدایە، بەرپرسیاریەتییەکی زۆر گەورەتان کەوتووەتە سەرشان.

هیوادارین بە هەستکردن بەو بەرپرسایەتییە و لە هەمان کاتدا، کەڵک وەرگرتنی بەجێ لە هەموو دەرفەتەکان، بەسەر کۆسپەکاندا زاڵ بن و هەرێمی کوردستان بەرەو کەناری ئارامی، ئاشتی و ئاوەدانی راکێشن.

لەگەڵ رێزی دووبارە

حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران

لێپرسراوی گشتی

مستەفا هیجری