له نوێترین ده‌ركه‌وتنی، نێیمار وه‌كو یاریزانێكی بارسا قسه ده‌كات
ده‌ڵێت: خۆشترین ساتی ژیانم ئه‌و كاته بوو له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كانم له بارسێلۆنا ریمۆنتادامان له دژی پاریس كرد
هه‌فته‌یه‌كه پاریس سانجێرمان ده‌ستی به ئاماده‌كارییه‌كان كردووه و نێیماریش له به‌ڕازیل به‌شداری فێستیڤاڵ و چالاكییه‌كان ده‌كات، له نوێترین ده‌ركه‌وتنیدا نێیمار وه‌كو یاریزانێكی بارسا قسه ده‌كات و ده‌ڵێت: خۆشترین ساتم ئه‌و كاته بوو كه به شه‌ش گۆڵ به‌رامبه‌ر گۆڵێك له پاریس سانجێرمانمان برده‌وه و سه‌ركه‌وتین، چاوه‌ڕێش ده‌كرێت له دوایین هه‌نگاودا نێیمار له‌گه‌ڵ لیۆناردۆی به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌رزشی سانجێرمان بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی كۆ ببێته‌وه.
نێیمار دا سیلڤا ئه‌ستێره‌ی به‌ڕازیلی وه‌كو یاریزانی بارسێلۆنا هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات و قسه بۆ راگه‌یاندنه‌كان ده‌كات، له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: جوانترین سات له كاروانی یاریكردنم له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم له بارسا بوو ئه‌و كاته‌ی ریمۆنتادامان به‌رامبه‌ر پاریس سانجێرمانمان كرد و سه‌ركه‌وتنمان به‌ده‌ستهێنا.
ئه‌م لێدوانه‌ی نێیمار له كاتێكدایه پاریس سانجێرمان هه‌فته‌یه‌كه ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ وه‌رزی نوێ ده‌ستپێكردووه و ئه‌ستێره‌كه‌ی به‌ڕازیلیش له وڵاته‌كه‌ی خه‌ریكی كات به‌سه‌ر بردن و له ساوپاولۆ به‌شداری له پاڵه‌وانییه‌ته تایبه‌ته‌كه‌ی كرد كه ساڵانه به‌ناوی نێیمار ده‌كرێته‌وه.
پاریس سانجێرمان داوای له یاریزانه به‌رازیلیه‌كه كرد بگه‌ڕێته‌وه و له واده‌ی دیاریكراو ئاماده‌ی راهێنانه‌كان بێت، به‌ڵام نێیمار هیچ حسابێكی بۆ یانه‌كه و هه‌ڕه‌شه‌كانی یانه پاریسیه‌كه نه‌كرد و سووڕ بوو له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی له به‌ڕازیل.
نێیمار دڵی بۆ بارسا لێده‌دات و ئه‌مجاره ڤیدیۆیه‌كی له ئینستاگرامی خۆی بڵاوكردۆته‌وه تییادا له‌گه‌ڵ باوكی به درێسی بارسێلۆنا ده‌رده‌كه‌وێت و ئه‌مه‌ش پاریس سانجێرمانی هێنده‌ی دیكه توڕه كردووه.
له ماوه‌ی رابردوو لیۆناردۆی به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌رزشیی پاریس سانجێرمان رایگه‌یاند ئاماده‌ن ده‌ستبه‌رداری نێیمۆ ببن، به‌ڵام تاكو ئێستا هیچ یانه‌یه‌ك به كردار بۆ گواستنه‌وه‌ی نه‌هاتووه‌ته پێش، لێ رۆژنامه‌ی لێ تێن سپۆرتی فه‌ره‌نسی بڵاویكردۆته‌وه بارسا دوای گواستنه‌وه‌ی گریزمان یه‌كه‌م ئۆفه‌ری فه‌رمی پێشكه‌ش كردووه بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی نێیمار، له ناوه‌ڕۆكیشدا بارسا ئاماده‌یی نیشانداوه كۆتینیۆ بنێرێته یاریگه‌ی باخچه‌ی شازاده‌كان له‌به‌رامبه‌ر به‌ده‌ستهێنانی نێیمار بێ ئه‌وه‌ی هیچ بڕه پاره‌یه‌ك بدات، له ئێستاشدا چاوه‌ڕیی وه‌ڵامی یانه پاریسیه‌كه‌ن.