خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکان داوای راگرتنی هاوردەی مریشک دەکەن

بەرهەمی ناوخۆ بە زیادەوە پێداویستی رۆژانە دابین دەکات

K24 – هه‌ولێر:

ژمارەیەک لە خاوەنی کێڵگە پەلەوەرەییەکان لە بەردەم پەرلەمانی کوردستان گردبوونەوە و داوا دەکەن هاوردەکردنی مریشک قەدەغە بکرێت.

نوێنەری خۆپیشاندەران لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان یاداشتنامەیەکی خوێندەوە و رایگەیاند: "هەزار و 500 پرۆژەی بەخێوکردنی پەلەوەر هەن و ساڵانە 105 ملیۆن مریشک بەرهەم دەهێنن. هەروەها لە هەرێمی کوردستان، 44 هەڵهێنەر، هەشت سەربڕخانە و 23 کارگەی ئالیک هەن".

راشیگەیاند: "ساڵانە 200 هەزار تۆن بەرهەمی گۆشتی مریشکمان هەیە، بۆ هەر کەسێک 24 کیلۆ دانراوە و ئەگەر پێنج ملیۆن هاووڵاتی هەژمار بکەین، ساڵانی پێویستیمان بە 120 هەزار تۆن دەبێت و 80 هەزار تۆنیشمان زیاد دەبێت".

ئاماژەی بەوەشدا: "لەبەر نەبوونی سیستمی بە بازاڕکردن و هاوردە، ماوەی شەش مانگە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان زیان دەکەن و داوا لە حکوومەت دەکەین رێگا نەدات ئەو پرۆژانە لەبەر هاوردەکردن مایە پووچ بن".

H.J